کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانەبێژانی نێهزەت دوای ساڵانێک کار کردن دۆخی پیشەییان ناڕوونە

14:18 - 15 رەزبەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی میدیا ناوخۆییەکانی ئێران، وانەبێژانی نێهزەتی سەوادئامووزی لە پارێزگای سنە کە بۆ ساڵانێکی دورودرێژ لە دوورەدەستترین گوند و ناوچە بێبەشکراوەکاندا سەرقاڵی وانەوتنەوە بوون، تا ئێستاش لە بواری دامەزراندن و گوزەرانەوە لە ناڕوونیی تەواودا دەژین و لە سەرەتاییترین مافە پیشەیییەکانیان بێبەش کراون.

سەرەڕای ئەوەی کە ئەم وانەبێژانە ساڵانێکە بە کەمترین ئیمکاناتەوە و لە ناوچە سنووری  و پەراوێزخراوەکاندا کاریان کردووە، ناڕوونیی دۆخییان، بێمتمانەیی لە بواری پیشەییەوە بۆ دروست کردوون و ئاسایشی ئابووریی خستوونەتە مەترسییەوە.

خومەینی ڕێبەری پێشووتری کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئیسلامیدا بڕیاری دامەزراندنی "نێهزەتی سەوادئاموزی"ی دا و بەڵێنی ئەوەی بە کۆمەڵگە دا کە لە ماوەیەکی کورتدا بێسەوادی بەتەواوی لەناو ببات؛ بەڵام دوای ٤٨ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتیی ئەم ڕێژیمە، نەک تەنیا ئامانجە پەروەردەیییەکان وەدی نەهاتوون، بەڵکوو سیستەمی پەروەردە کەوتووەتە قووڵایی قەیران و بێبەشکردنەوە.