کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەرکردنی دەیان حوکمی ئینزیباتی بۆ خوێندکارانی ناڕازیی زانکۆی شەریف

14:34 - 15 رەزبەر 2726

بەرپرسی زانکۆی پیشەسازیی شەریف باسی لە دەرچوونی دەیان حوکمی ئینزیباتی و دەرکردنی پێنج یان شەش خوێندکار لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار کردووە.

مەسعوود تەجریشی ڕایگەیاندووە لە کۆی زیاتر لە ۲۰۰ دۆسییەی ئاراستەکراو بۆ زانکۆ، کەمتر لە ۴۰ دۆسییە بوونەتە هۆی حوکمی ئینزیباتی کۆتایی.

جگە لەمەش، ئاماری بەرپرسانی زانکۆکە لەگەڵ یەکتردا ناگونجێت؛ جێگری کاروباری خوێندکارانی زانکۆی شەریف پێشتر باسی لە ئاراستەکردنی ۲۳۶ خوێندکار بۆ ناوەندە ئینزیباتییەکان و تۆمارکردنی دۆسییەی فەرمی بۆ ۱۱۵ کەس کردبوو. ڕۆژنامەی شەرقیش باسی لە دەرچوونی حوکم بۆ ۴۰ خوێندکار و دەرکردنی لانیکەم ۱۰ کەسی دیکە کردووە.

هاوکات، بۆ خوێندکارانی ناڕازی لە زانکۆکانی فێردەوسیی مەشهەد، ئەمیرکەبیر، بێهێشتی، تاران و خاجەنەسیر حوکمی دەرکردن و هەڵپەساردن دەرچووە.

هەروەها ۴۴ مامۆستای زانکۆی شەریف لە نامەیەکدا ناڕەزایەتییان بەرانبەر حوکمەکانی دەرکردن و هەڵپەساردن دەربڕیوە؛ ڕەوتێک کە نیشاندەری بەردەوامیی گوشارە ئینزیباتی و ئەمنییەتییەکان بۆ سەر خوێندکارانی ناڕازی لە زانکۆکانی ئێرانە.