کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرێک لە گەرووی هۆرمۆز ۱۲ برینداری لێکەوتەوە

14:47 - 15 رەزبەر 2726

لە ئه‌نجامی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر نەوتهەڵگری "ئان پیس" لە کاتی تێپەڕبوونی لە گەرووی هۆرمۆز، ۱۲ خەدەمەی کەشتییەکە بریندار بوون؛ هێرشێک کە نیشاندەری بەردەوامیی پەلامارەکان بۆ سەر کەشتیوانی و هێڵی بازرگانی لەم ئاوڕێیە ستراتێژییە لەلایەن سپای تێرۆریستی پاسدارانە.

وزارەتی کاروباری دەرەوەی هێند ڕایگەیاند نەوتهەڵگریی "ئان پیس" بە ئاڵای پاناماوە لە گەرووی هۆرمۆز کەوتووەتە بەر هێرشی هاوێژراوێکی نەناسراو و ۱۱ هاووڵاتیی هێندی لە خەدەمەی کەشتییەکە بریندار بوون.

بریندارەکان بە هاوکاریی دەسەڵاتدارانی عومان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری "خەسەب" کراون.

هێند وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان، دەریاوانان و ئەمنییەتی ئاوڕێیە نێودەوڵەتییەکانی کرد.

ئەگەرچی هیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتیی ڕووداوەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام شیرکەتی زانیاریی دەریایی "ماریسکس" ڕایگەیاندووە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم حەوت هێرشی هاوشێوەیان لە حەفتەی ڕابردوودا بە مووشەک و دڕۆن ئەنجام داوە.

هێزە دەریاییەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە مانگەکانی ڕابردوودا بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان؛ پێشتریش بەرپرسیاریەتیی هێرش بۆ سەر کەشتیی "ترێند"یان بە ئاڵای تۆگۆ گرتە ئەستۆ و هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەو کەشتییانە کرد کە بە بێ مۆڵەت تێپەڕ دەبن.