مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، بە ئاماژەدان بە لەسێدارەدانی "عەلیڕەزا سپاهی"، کەسایەتیی ناڕازیی دەسبەسەرکراوی بەفرانباری ١٤٠٤ کە ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەر لە سێدارە درا، هۆشداریی دا کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران تەنانەت دوای بەڕێوەبردنی حوکمی سێدارەش، لە دەستداگرتن بەسەر تەرم و داسەپاندنی شوێنی ئەسپەردەکردن بە بێ دەستڕاگەیشتنی بنەماڵەکەی، وەک ئامرازێک بۆ سەرکوت و بێدەنگکردنی کەسوکاری قوربانییان کەڵک وەردەگرێت.
ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە کە پێداگریی ڕێژیم لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی کوژراوان و ڕێگری لە ڕێوڕەسمی شینگێڕی، سزادانێکی بەکۆمەڵ و ڕەفتارێکی دژەمرۆیی بۆ شاردنەوەی تاوانەکانە.
ئەم ڕەفتارە تۆڵەئەستێنەی ڕێژیمی سێدارە لە بەرانبەر بنەماڵەی دادخوازان، بەشێکە لە سیاسەتی نەگۆڕی سەرکوتکردنی سیستماتیک لە ئێران؛ سیاسەتێک کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەردەوام وەک تاوانی دژەمرۆیی شەرمەزاری کردووە و جەختی لەسەر پێویستیی دادگاییکردنی سەرکردەکانی ڕێژیم و پاڵپشتیکردنی هەمەلایەنە لە ئیرادەی ڕەوای گەل بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی تۆتالیتری کۆماری ئیسلامی کردووەتەوە.