لە بەرەبەری هاتنی وەرزی سەرماوسۆڵەدا هۆشدارییەکان لەهەمبەر کەمیی سووتەمەنییەکان بەتایبەت گاز زیاتر بوونەتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گازی پارێزگای سنە بە هەواڵدەریی "دفاع مقدس"ی وتووە: بە دەستپێکردنی وەرزی سەرما، ئاستی بەکارهێنانی گاز لە کەرتی ماڵان، بازرگانی و پیشەسازیدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات بۆیە بەپێی سنوورداربوونی توانای بەرهەمهێنان، دەبێ ڕێکخستنی نوێمان هەبێ لە بواری بەکاربردن و بەکارهێنانی گاز.
بەوتەی ناوبراو ئەگەر ڕێکاری پێویست و جیددی نەگیرێتە بەر ئاستەنگ و گرفتی جیددیمان بۆ دێتە پیش.
جەختیشی لەسەر گرنگی و پێویستیی بەڕێوەبردنی بەکاربردنی گاز کردەوە بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی هەرجۆرە قەیرانێک لە تۆڕی دابەشکردندا و هۆشداری دا سەبارەت بە گرفتەکانی ناهاوسەنگیی گاز لە وەرزی سەرمادا.
ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ڕۆژە زۆر ساردەکانی ساڵدا ئاستی بەکاربردنی گاز لە ئێران دەگاتە نزیکەی ۷۰۰ میلیۆن میتری سێجا.
بەپێی دوایین زانیارییەکان بەهۆی پێکان و زیانگەیشتن بە بەشێک لە پاڵاوگەکان، توانای بەرهەمهێنانی گاز لە ئاستی پێویستدا نییە و چاککردنەوەیان کاتی زۆری پێویستە، ئەگەرچی هەوڵ دەدرێت پێش دەستپێکی سەرمای زستان بەشێک لەو توانایە بگەڕێنرێتەوە ناو تۆڕەکە.
چاودێران پێیان وایە جیا لە ئاسەوارەکانی شەڕ بەسەر کەرتی وزە، بەڕێوەبەریی ناکارامەی کەڵان لەم بوارەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێ لەسەر کەمیی گاز و ئەزموونکردنی زستانێکی سەخت و دژوار.