کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: ئامادەباشیی ئەرتەشی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران

09:06 - 16 رەزبەر 2726

پێگەی هەواڵیی "ئاکسیۆس" بڵاوی کردەوە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) فەرمانی بە فەرماندەییی ناوەندیی وڵاتەکەی (سێنتکام) داوە بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران تەواو بکات، لە کاتێکدا گوشارە ئابووری و سەربازییەکان بۆ سەر ڕێژیمی تاران لە لووتکەدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە، ئەم فەرمانە کاتێکی دیاریکراوی بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان دەستنیشان نەکردووە و دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکاش هێشتا بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە نەداوە.

بەڵام سەرچاوە ئەمریکایی و ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە ئەم هێرشانە پێش هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی ئەمریکا و هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل ئەنجام بدرێن.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ترامپ سەرجەم بژاردەکانی لەبەر دەستدایە و جەختی لەوە کردووەتەوە: "ئەمریکا لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدا ڕاوەستاوە؛ کۆنتڕۆڵی گەرووی هۆرمۆزی لەدەستدایە و ئابووریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێواری داڕماندایە. ڕێژیمی ئێران بەشێوەیەکی بێوێنە لاواز بووە و دۆخەکە بە یەکێک لە دوو ڕێگەکەدا دەڕوات: ڕێگا ئاسانەکە یان ڕێگا سەختەکە."

ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە لەکاتێکدایە کە پێشتریش گۆڤاری "ئاتلانتیک" ڕاپۆرتی دابوو سەرۆککۆماریی ئەمریکا تاوتوێی بژاردەی هێرشی سەربازی بۆ سەر شوێنە گواستراوەکانی کۆماری ئیسلامی دەکات.

هاوکات لەگەڵ تێکچوونی ئەمنییەتی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز و پەرەسەندنی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان، کۆشکی سپی گوشارە ئابووری و سەربازییەکانی بۆ سەر تاران گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.