کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەڕای هەژاریی لەڕادەبەدەری خەڵکی ئێران، کۆماری ئیسلامی ۲۰۰ میلیۆن دۆلاری بە حیزبوڵڵا دا

09:23 - 16 رەزبەر 2726

سەرەڕای گرانیی شتومەک، هەڵاوسان، کەمبوونەوەی توانای کڕین، داڕمانی بەهای ڕیاڵ و دەیان قەیرانی دیکە، گرووپی تێرۆرریستیی حیزبوڵڵا بڕی ۲۰۰ ملیۆن دۆلاری لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پاساوی یارمەتیدانی ئەو کەسانەی لە شەڕی ئیسرائیلدا ئاوارە بوون، وەرگرتووە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە ۱۵ی ڕەزبەر بڵاوی کردەوە، نووسیویەتی کە لەو کاتەدا کە ئەمریکا گوشاری ئابووریی لەسەر کۆماری ئیسلامی توندتر کردووە، حیزبوڵڵا بڕی ٢٠٠ میلیۆن دۆلار پارەی لە کۆماری ئیسلامی لە مانگی سێپتامبردا وەرگرتووە.

حیزبوڵڵا یەکێکە لە گرووپە چەکدارە تێرۆریسییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی کە لە ساڵی ۱۹۸۲ لەلایەن سپای پاسدارانەوە دامەزرا.

ئەم گرووپە کە لەلایەن ئەمریکاوە وەکو گرووپێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، لە ماوەی دوو شەڕدا لەگەڵ ئیسرائیل لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا لێدان و زەبرێکی قورسی بەرکەوتووە.

شایانی باسە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە تاران تەنیا لە ۱۰ مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۵دا یەک میلیارد دۆلاری بۆ ئەم گرووپە ناردووە.

ئەو یارمەتییە زۆرانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ حیزبوڵڵا و دەستوپێوەندییەکانی دیکە لەکاتێکدایە کە خەڵکی ئێران لەگەڵ کەمبوونەوەی توانای کڕین، هەڵاوسان، هەژاری، بێکاری، نەبوونی هەلی کار، داخرانی شیرکەت و کارگەکان و دەیان قەیران دیکەی ئابووری ڕووبەڕوون.