کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بورزوو ڕەزایی مەترسیی لەسێدارەدانی لەسەرە

09:47 - 16 رەزبەر 2726

بۆرزوو ڕەزایی، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤ و زیندانیی مەحکووم بە سێدارە، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٥ بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، لە زیندانی گەورەی تارانەوە بۆ زیندانی قزڵحساری کەرەج گواسترایەوە.

هەواڵدەریی هێرانا، بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە نووسیویەتی کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری گواستنەوەی ئەم زیندانییە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانەکەی پێ ڕاگەیەندرابوو.

بورزوو ڕەزایی پێشتر لەلایەن لقی ٢٣ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتە دوژمنەکاندا» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.

بۆرزوو ڕەزایی، کورد و خەڵکی کرماشانە، لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا پەیوەندیدار بە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ دەسبەسەر کرا و دوای ئەوەش بۆ زندانی گەورەی تاران گواسترایەوە.

بورزوو ڕەزایی کە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا لە تاران دەسبەسەر کرابوو، بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە.

سەپاندنی سزای سێدارە بە تۆمەتی ئەمنییەتیی ناڕوون و بەبێ بوونی بەڵگەی سەلمێنەری یاسایی، درێژەی ڕەوتێکی ڕێکخراو بۆ ترساندنی کۆمەڵگە و بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکانە.