"کەیهان محەممەدی"، وێنەگری کوردی خەڵکی کامێران، لە حەڤدەهەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی وێنەگریی "FOKUS Award 2026" لە وڵاتی ئاڵبانی، بە بەرهەمی "هەناسەی دەستکرد" (Synthetic Respiration)پلەی یەکەمی بەشی بابەتیی "هەناسە"ی بەدەست هێنا؛ سەرکەوتنێک کە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی درەوشانەوەی هونەرمەندانی وێنەگری کوردستان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.
لە ڕۆژی ۱۵ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، کەیهان محەممەدی لە نێوان ۵۶۰ بەشداربوو لە ۵۲ وڵاتی جیهانەوە، توانیی پلەی یەکەمی بەشی سەرەکیی هەڵبژێردراوی ساڵی ۲۰۲۶ لەم فێستیڤاڵەدا بەدەست بهێنێت، کە بە هاوکاریی گالێرییە هونەرییە دیارەکانی ئاڵبانی لەوانە گالێریی "Vilson Kilica" لە شاری "فیێر" بەڕێوە چوو.
کوردپا ڕایگەیاندووە کە محەممەدی لە بەرهەمەکەیدا بە زمانی ڕەنگ و وێنە ئاماژەی بە مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە و بەکارهێنانی زێدەڕۆیانە کردووە.
مانای هونەریی هەناسەی دەستکرد ڕەخنەیە لە پیشەسازیبوونی ژیانی مرۆڤی هاوچەرخ کە بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە مافی سروشتیی هەڵمژینی هەوای پاکی لەدەست داوە و ژیانی گرێدراوی کەرەستەی دەستکرد بووە.
کەیهان محەممەدی بڕوانامەی هونەرە جوانەکانی هەیە و وەک مامۆستای هونەر کار دەکات. پێشتریش بەرهەمەکانی لە گالێرییە بەناوبانگەکانی جیهان لەوانە "بلۆڕاینۆ" لە لەندەن نمایش کراون.
ئەم دەستکەوتە نوێیە لەکاتێکدایە کە ڕەوتی درەوشانەوەی هونەرمەندانی وێنەگری کوردستان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا پەرەی سەندووە.
پێشتریش شێرکۆ مام ئاغا، وێنەگری ناوداری بۆکانی، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "نێکسس ۲۰۲۶" لە ئێمارات لە نێوان ۸۰۰ وێنەگری ۸۳ وڵاتدا خەڵاتی تایبەتی دەستەی داوەرانی بەدەست هێنا.