ئیدارەی کەشتیوانیی ئێماراتی یەکگرتووی عەرەبی بەکارهێنانی بەندەرەکانی وڵاتەکەی لەلایەن کۆمەڵێک لە کەشتییەکانەوە قەدەغە کرد کە بەشێکی زۆریان پەیوەندییان بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە یان ڕێڕەوی پەیوەندیدار بە ئێرانیان بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هۆرمۆز بەکار هێناوە.
بەپێی ڕێنماییەکی ئیدارەی کەشتیوانیی ئێمارات، ۴۷۲ کەشتی لە بەکارهێنانی بەندەرەکانی ئەو وڵاتە بێبەش کراون و زۆربەی ئەم کەشتییانە گرێدراوی ڕێژیمی ئێرانن، ئەگەرچی بەرپرسانی ئێماراتی هیچ هۆکارێکی ڕوونیان بۆ ئەم بڕیارە دەستنیشان نەکردووە.
بەپێی ڕێنمایی نوێی بەندەرەکانی ڕەئسولخەیمەی ئێمارات، ئەم کەشتییانە لە چوونە ناو ئاوە ناوچەییەکان، بەندەرەکان و ناوچەی ئابووریی تایبەتی ئەو وڵاتە بێبەش کراون.
هاوکات فەرمان بە نوێنەرایەتیی کەشتیوانییەکان دراوە لە هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ کەشتییەکانی ناو لیستەکە خۆیان بپارێزن.
ئەم بڕیارە بە پلەی یەکەم کەشتییەکانی ژێر ئاڵای کۆماری ئیسلامیی بە ئامانج گرتووە، جگه لەوەی چەندین کەشتیی وڵاتانی دیکەشی گرتووەتەوە.
ئێمارات لە گەلاوێژی ئەمساڵدا لە چوارچێوەی پێبەندبوون بە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تەواوی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی لەگەڵ ڕێژیم هەڵپەساردبوو.
ئەم ڕێکارە نوێیانە لەکاتێکدایە کە گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر هێڵەکانی کەشتیوانی و ئابووریی ڕێژیم لە ناوچەکەدا گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە.