کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەیهان جەوانمەردی، پەناخوازی سیاسیی کورد مەترسیی دیپۆرتکردنەوەی لەسەرە

13:59 - 16 رەزبەر 2726

کەیهان جەوانمەردی، چالاکی سیاسیی تەمەن ٢٩ ساڵی خەڵکی شاری تیکاب و پەنابەری کورد لە تورکیە، لە دوای ٤٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، گوازراوەتەوە بۆ کەمپی «پەهلەوان کۆی» لە شاری ئەدەرنە و لەژێر مەترسیی جیددیی دیپۆرتکردنەوە و ڕادەستکردنەوەی بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

جەوانمەردی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیەوە دەسبەسەر کرا. ناوبراو پێشتر وەک ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بووە و بەهۆی گوشاری دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران، ڕووی لە تورکیە کردبوو تا بگاتە وڵاتێکی ئارام.

ڕێکخراوی هەنگاو ڕایگەیاندووە: بە سەرنجدان بە مەترسیی جدیی بەرەوڕووبوونەوەی ئەم پەناخوازە سیاسییە لەگەڵ ئەشکەنجە، دەستبەسەرکران و سزای قورس لە ئەگەری گەڕاندنەوەی بۆ ئێران، خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی ڕەوتی دیپۆرتکرانەوەی ناوبراو لەلایەن حکوومەتی تورکیا و ڕەچاوکردنی بنەمای قەدەغەبوونی گەڕاندنەوەی زۆرەملێین. هەروەها لە ناوەند و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، بەتایبەت مەرجەعەکانی بەرپرسیار بۆ پشتیوانی لە پەناخوازان، داواکارین هەرچی زووتر کاردانەوەیان سەبارەت بە بارودۆخی کەیهان جوانمەردی هەبێت و بۆ پێشگرتن لە گەڕاندنەوەی بۆ ئێران هەنگاو هەڵبگرن.