ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەزبەر ڕایگەیاند نەوتهەڵگرێک لە ئاوەکانی باکووری قەتەر کەوتووەتە بەر هێرش؛ ئاڵۆزییەکی ئەمنییەتی کە زەرەر و زیانی گیانیی لێکەوتووەتەوە و مەترسییەکانی سەر هێڵی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە، ڕووداوەکە لە دووریی ۵۱ مایلی دەریایی لە باکووری ناوچەی "مەدینەتوشومال" ڕووی داوە.
ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە بەهۆی پێکانی ڕاستەوخۆ، هێرشەکە زیانی گیانی هەبووە، بەڵام هێشتا ئاماری وردی کوژراو و بریندارەکان و ئاستی خەسارەکان بەفەرمی بڵاو نەکراوەتەوە.
ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بریتانیا وێڕای داواکاری لە کەشتییە ئامادەکراوەکانی ناوچەکە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری وشیاری و ڕاپۆرتکردنی هەر جۆرە جووڵەیەکی گوماناوی، لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ڕووداوەکە دەست پێکردووە.
ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران و هێزە نیابەتییەکانی لە مانگەکانی ڕابردوودا دەستدرێژی و پەلامارەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان لە گەرووی هۆرمۆز و ناوچەکانی دەوروبەری بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی ئەمنییەتی ئاوڕێیە نێودەوڵەتییەکان و کاردانەوەی توندی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی لێکەوتووەتەوە.