بەڕێوبەری ئەنجومەنی تالاسێمیی ئێران، وێڕای ڕەخنەی توند لە پەیمانشکێنیی دەوڵەت، بانکی ناوەندی و ڕێکخراوی دەرمان و خۆراک، ڕایگەیاند تێچووی مانگانەی چارەسەری هەر نەخۆشێکی تالاسێمی لە ۱۰۰ ملیۆن تمەن تێپەڕیوە و بەتەواوی کەوتووەتە سەر شانی نەخۆشەکان.
یوونس عەرەب ڕایگەیاند لە سەرماوەزی ۱۴۰۴ـەوە تەرخانکردنی دراوی پاڵپشتیکراو بۆ دەرمان و کەرەستەی پزیشکی ڕاگیراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی بەڵێنەکان دەبوو سەرچاوەکانی ئەم بڕیارە بۆ هاوکاریکردنی نەخۆشەکان تەرخان بکرێت تا گوشاری دارایی لەسەر شانیان زیاتر نەبێت.
بە وتەی ناوبراو، بڕیاری ئازادکردنی نرخی دراو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ۱۰ تا ۱۲ لەسەدیی نرخەکان لە بەشێک لە دەرمانەکاندا و لە هەندێک جۆری دیکەشدا بڕی پارەی پێویست لە گیرفانی نەخۆشەکانەوە تا ۶۰۰ بەرانبەر زیادی کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ۱۳۷۶ـەوە لە دابینکردنی تێچووی دەرمانیی ئەم نەخۆشانە خۆی بە بەرپڕس زانیوە.
هاوکات دواکەوتنی ۱۰ مانگەی پاداشتی دەرمانخانەکان لەلایەن شیرکەتەکانی بیمە، بووەتە هۆی دەستنەکەوتنی دەرمانە گرنگەکان و پچڕانی ڕەوتی چارەسەری.
قەیرانی دەرمان تەنیا نەخۆشانی تالاسێمی نەگرتووەتەوە؛ پێشتریش کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم هۆشداریی دابوو کە گرانی و کەمبوونی دەرمان بووەتە هۆی پەککەوتنی چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە، ئێمئێس و هێمۆفیلی؛ دۆخێک کە سەلمێنەری داڕمانی سیستەمی پاڵپشتیی تەندروستی و بارگرانیی دارایی لەسەر هاووڵاتییانە.