کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگکردنی باڵوێزی کۆماری ئیسلامی لەلایەن فەرانسەوە لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانی قوتابییان

14:22 - 16 رەزبەر 2726

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەرانسە ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەر باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پاریس بانگ کرد؛ ڕێکارێک کە لە وڵامی "کەمپەینی زانیاریی ناڕاست"ی تاران سەبارەت بە خۆپیشاندانی قوتابییانی ئەو وڵاتە گیراوەتە بەر.

بەپێی ڕاپۆرتی "لۆمۆند"، وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی چەواشەکارانەی لەلایەن ئەژمارە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە "تەواوەتی قەبووڵنەکراو" ناو برد.

ئەم هەنگاوەی پاریس وڵامێک بۆ بانگکردنی باڵوێزی فەرانسە لە تاران بوو کە تێیدا کۆماری ئیسلامی فەرانسەی بە توندوتیژی و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتبار کردبوو؛ ئیدیعایەک کە فەرانسە بە بێبنەمای ناو بردبوو.

خۆپیشاندانی قوتابییان لە فەرانسە کە لە حەفتەی ڕابردووەوە پەرەی سەندووە، ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی پۆلیسی لێکەوتووەتەوە.

کەڵکوەرگرتنی ڕێژیمی ئێران لە سیاسەتی چەواشەکاری لەکاتێکدایە کە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی خۆیان بەردەوام لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تۆمەتباری سەرەکیی سەرکوتکردنی خوێندکاران و ڕەشبگیریی ناڕازییانن لە نێوخۆی ئێراندا.