بەرپرسانی عەرەبستانی سعوودی ڕایانگەیاند کە هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانە نێونەتەوەییەکانی ئەبها و مەلیک خالید لە ڕیاز، ٣ کوژراو و ٣٦ برینداری لێ کەوتووەتەوە. قوربانییانی ئەم هێرشانە هاووڵاتییانی میسر، جەزائیر و سوودان بوون.
هاوپەیمانیی سەربازی بە ڕێبەریی عەرەبستان لە وڵامی ئەم هێرشانەدا ڕاگەیاند کە سەکۆی هاویشتنی مووشەکی بالستیکی کە لە هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی ڕیازدا بەکار هێنرابوو، تێکشکاندووە.
ئەم هاوپەیمانییە هەروەها هەواڵی ئەنجامدانی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی دژی چەندین بنکە حوسییەکانی ڕاگەیاند و باسی لەوە کرد کە ٨٢ ئامانجی سەربازی، لەوانە دامەزراوە مووشەکییەکان، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ، سیستەمەکانی پەیوەندی و شوێنی کۆبوونەوەی هێزەکانی حوسییەکانی بە ئامانج گیراوە.
حوسییەکان بەرپرسیاریەتیی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەکانی ڕیاز و ئەبهایان گرتووەتە ئەستۆ.
گرووپی تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەن سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە چەند مانگی ڕابردوو بە فەرمانی سپای پاسداران گەمارۆی دەریاییان خستووەتە سەر عەرەبستان و لە ئاکامدا چەندین کەشتیی بازرگانییان کردووەتە ئامانج.
هەروەها لە کاردانەوە بەم هەوڵە ئاژاوەگێڕانەی ڕێژیمی ئێران و نیابەتییەکانی، عەرەبستان دروستکردنی هاوپەیمانییەکی دەریایی لە ١٤ وڵات بەمەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی ئاویی ناوچەکە ڕاگەیاند و هێرشی دوولایە هەتا ئێستاش بەردەوامە.