کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی پیشەیی و خوێندکارییەکان لە ئێران بەردەوامە

14:31 - 16 رەزبەر 2726

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا قوتابییانی قوتابخانەیەکی کچانە لە کاشان بەهۆی کێشە و گرفتەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی، کرێکارانی "ئێران بێرێک" و کرێکارانی "فوولادسازان"ی قوم مانیان گرت.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممەی ١٦ی ڕەزبەر، کۆمەڵێک لە قوتابییانی یەکێک لە قوتابخانە دواناوەندیی کچانی شاری کاشان لە ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە گۆڕینی بەڕێوەبەریی پەروەردەیی و بەڕێوەبەریی قوتابخانەکە، بەئەمنییەتیکردنی قوتابخانە، هەڵاواردن و ڕەچاونەکردنی مافی قوتابییان لە بەردەم ئیداره‌ی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیم لەم شارە کۆ بوونەوە.

هەروەها کرێکارانی شیرکەتی «ئێران‌بێرێک» لە ١٤ی ڕەزبەرەوە لە ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە مووچەی دواکەوتوو و نەدانی مافی بیمە دەستیان لە کار هەڵگرتووە و مانیان گرتووە و تا ئێستاش لە مانگرتنیان بەردەوامن.

شایانی باسە کۆمەڵێک لەو کرێکارانەی کە لە سەرەتای ساڵەوە لەسەر کار دەرکراون، نزیکەی دوو مانگە بەدوای دیاریکردنی دۆخ و ماف و داواکارییەکانیانەوەن.

سەرەڕای ئەوەی ئەو کرێکارە دەرکراوانە سەردانی ئیداره‌کانی کار، دابینکردنی کۆمەڵایەتی و فەرمانداری و پارێزگایان کردووە، بەڵام بەدواداچوونەکانیان تا ئێستا بە ئەنجامێکی دڵخواز نەگەیشتوون.

شایانی باسە سێ مانگ مووچەی کرێکارانی «فوولادسازان ئەمیرئاروانی قوم» لە شارۆچکەی پیشەسازیی شکووهییان خواردووە و بیمەکەیان پێ نەدراوە و کرێکاران حەوت ڕۆژە لە ناڕەزایەتیی بەم دزییە ئاشکرایە لە مانگرتندان.

ئەم کرێکارانەی کە لە بەشەکانی پارچەبڕین، کونکردن و گیوتینکاریدا سەرقاڵی کارن و ژمارەیان ٣٠ کەسە، لە مانگی پووشپەڕەوە تا ئێستا مووچەکەیان وەرنەگرتووە و بیمەکەیان بە ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی نەدراوە.