کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی پێکدادانی چەکداریی قورس لە شاری زاهێدان و گوڵشەنی بەلووچستان

14:35 - 16 رەزبەر 2726

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەزبەر، هێزێکی چەکداری نەناسراو بە کەڵکوەرگرتن لە مووشەکی ئاڕپی‌جی (RPG) و چەکی سووک و نیوەقورس هێرشیان کردە سەر بنکەی ستادی فەرماندەیی پۆلیسی ڕێژیم لە شەقامی خومەینی لە شاری جالق، ناوەندی شارستانی گوڵشەن و ئۆتۆمبیلێکی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە زاهێدان کرایە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی حاڵوەش، سەرەتا دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لە دەوروبەری ئەو بنکەیە بیستراوە و لە دوای ئەویش، تەقەکردنی توند و بەردەوام لە بەشگەلێک لە شاری جالق درێژەی هەبووە.

بە وتەی حاڵوەش، هاوکات لەگەڵ درێژەدان بە پێکدادانەکە، ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێلی هێزە سەربازییەکانی ڕێژیم بۆ پشتیوانی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ لایەنی بەرانبەر ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون کە لە نزیک ئەو بنکەیە کەوتووەتە بەر پەلاماری ئاگری لایەنی بەرانبەر و زیانی گیانیی زۆریان بەرکەوتووە.

هاوکات ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی ڕەزبەر، هێزێکی چەکداری نەناسراو هێرشێکیان کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سەر بە هێزەکانی یەکەی تەکاوەریی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە گەڕەکی نوسرەت ئابادی زاهێدان.

بەپێی زانیارییەکانی حاڵوەش، هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەو هێرشەشدا تووشی زیانی قورسی گیانی بوون.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هێرشە لە ناوچەی نوسرەت ئاباد، کوژرانی لانیکەم یەک هێزی سەربازیی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام زاییارییەکان باس لە زیانی گیانیی زیاتر دەکەن.

تا ئێستا هیچ زانیارییەکی وردتر لەسەر ڕێژەی زیانە گیانی و مادییەکان کە بەر ئەو بنکەیە کەتووە و ژمارەی وردی قوربانییانی هێزە سەربازییەکانی دوو لایەن دیاری نەکراوە.

شایانی باسە لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان چەندین پێکدادان و هێرشی چەکدارانەی توند ڕوویان داوە. «بەرەی خەباتگێڕانی خەڵکی» بەرپرسایەتی ئەم هێرشە نوێیانە و هەروەها زۆربەی ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ گرتووە.