کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتێک لەسەر چڕبوونەوەی گوشارەکان بۆ سەر چالاکوانی کولتووری لە ئێران

15:03 - 16 رەزبەر 2726

کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ڕاپۆرتێکدا زانیاریی لەسەر زیادبوونی دەسبەسەرکردن و گوشار بۆ سەر هونەرمەندان، نووسەران، شاعیران، مووزیکژەنەکان و کەسایەتییە کولتوورییەکانی دیکە لە ئێران بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە حەفتەکانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکوانی کولتووری بەهۆی بڵاوکردنەوەی بەرهەمی هونەری، چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شێوازەکانی دیکەی دەربڕینی ئاشتییانە دەسبەسەر کراون.

هەندێک لەم کەسانە بەبێ دەستڕاگەیشتن بە جیهانی دەرەوە ڕاگیراون و بنەماڵەکانیان لە شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخیان بێئاگا ماونەتەوە.

ئەم دامەزراوەی مافی مرۆڤە هەروەها ڕایگەیاندووە کە توندیی ئەم هەڵسوکەوتانە لە نێوان هەندێک لە نەتەوەکان، لەوانە عەرەبەکانی ئەهواز، کوردەکان و لوڕەکاندا زیاتر ڕاگەیەندراوە.

لە هەندێک حاڵەتیشدا هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو کەسانە و بۆ شوێنی نادیاریان گواستوونەتەوە.

ئێسفەندیار ئابان، بەڕێوەبەری توێژینەوەکانی کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئەم دەسبەسەرکردنانەی وەک بەشێک لە ڕەوتی بەرفراوانی سەرکوت لە ئێران وەسف کردووە.