کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆیتێرز: کۆماری ئیسلامی بە لەسێدارەدان و هەڕەشەکردن لە دژبەران کەشێکی ترس و تۆقاندنی دروست کردووە

15:06 - 16 رەزبەر 2726

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەییدا بڵاوی کردەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو، دژوارترین شەپۆلی سەرکوتکردنی لە دەیەکانی دواییدا گرتووەتە بەر؛ ڕێکارێک کە ڕێگەی لەسێدارەدانی خێرا و هەڕەشەکردن لە ناڕازییان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز کە پشتبەستوو بە هاوکاریی زیاتر لە ۷۵ کارناسی مافی مرۆڤ، پارێزەر و هاووڵاتی ئامادە کراوە، دەزگا ئەمنییەتی و دادوەرییەکان بە هاوکاریی ڕادیۆ و تلویزیۆنی حکوومەتی، لە ڕێگەی دادگاییکردنی نهێنی، سەپاندنی سزای قورس و بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ، هەوڵی سەرکوتکردنی تەواوی ناڕازییان دەدەن.

لە ٢٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ـەوە تا ئێستا، لانیکەم ۳۴ کەس لە دەسبەسەرکراوانی ئەو خۆپیشاندانانە لە سێدارە دراون؛ ئامارێک کە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕووی لە هەڵکشانێکی بەرچاو کردووە.

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە لە ماوەی چوار ساڵی دوای بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، سەرجەم ۱۵ کەس لە پەیوەندی بەو بزووتنەوەیەدا لە سێدارە دراون.

ئەم ڕاپۆرتە جەخت لەوە دەکاتەوە کە گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی سنوورەکانی ئێرانیشی تێپەڕاندووە.

ڕۆیتێرز ئاشکرای کردووە کە بەرپرسانی ئەمنییەتی ئەرمەنستان هۆشدارییان بە کۆمەڵێک لە پەنابەران و ناڕازییانی ئێرانی داوە کە ڕووبەڕووی مەترسیی ڕفاندن و تێرۆر لەلایەن ڕێژیمەوە دەبنەوە.

هاوکات گوشارخستنە سەر بنەماڵەی چالاکوانان لە نێوخۆ و زەوتکردنی خزمەتگوزارییە کۆنسوڵگەرییەکان، وەک ئامرازی سەرکوت لە دەرەوەی وڵات بەکار دەهێنرێن.