کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازاری کوردبوون لە وڵاتێکدا بە ناوی ئێران!

09:09 - 17 رەزبەر 2726

هەیاس کاردۆ

ڕەگەزپەرستی و هەڵاواردنی کۆمەڵایەتی دەنێو هەر کۆمەڵگەیەکدا، بەردی بناغەی لێکترازان و چەنددەستەییە. هەستی لێک جیاکردنەوە، چ ڕەنگی دینی و ئایینی هەبێ، چ لە قالبی نەتەوە، نژاد، زمان، ڕەنگ و جینسدا خۆی بنوێنێ، ماکەی ئاژاوە و دووبەرەکییە و لە ئاکامدا کۆمەڵگە بەرەو ئاقاری کێشە و ئاڵۆزی دەبا. ئەوانەی بۆ گەورە نیشاندانی خۆیان دەفکری چووککردنەوەی خەڵکی دیکەدان، درەنگ یا زوو ئاکامی ماڵوێرانکەریی ئەو هەڵوێستە دەبینن. ئەو هەستە نگریسە کاتێک مەترسیدارتر دەبێ کە ڕاستەوخۆ لە لایەن دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەوە بەڕێوە بچێ، یان بە پشتیوانیی ئەو لەدژی لایەنی دیکەدا بکرێتە کردەیی. لەو حاڵەتەدا کۆمەڵگەش بەپێی ئەو دیتنە دابەش دەکرێ و ئیتر مەجالێک بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و هێمنانە نامێنێتەوە.

بەداخەوە بەشێک لە دانیشتووانی ئێران ئەزموونی تاڵ و زیانهێنەری زۆریان لەو بارەوە هەیە. گەلی کورد بەرچاوترینی ئەو لایەنانەیە کە بە ناشیرینترین شکڵی مومکین تامی ئەو هەڵاواردن و بێڕێزییانەی چێشتووە. هەرچەند نەتەوەی باڵادەست، وڵاتی ئێران بە لانکەی شارستانەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە پێناسە دەکا، بەڵام بەپێی هەموو پێوەرەکانی ئەمڕۆیی، هیچ نیشانەیەکی شارستانەتی دە ڕوانگە و هەڵوێستی بەشی باڵادەستی نێو ئەو کۆمەڵگەیەدا بەدی ناکرێ. ئازارێک کە نەتەوەی کورد لە ئێران بە دەست بێڕێزی و بە چووکگرتنەوە چێشتوویەتی لەبڕان‌نەهاتووە. بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، چ لەژێر دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیدا و چ بەر لەویش، خەڵکی کوردستان هیچکات هەستی بە هاووڵاتیی دەرەجە یەک نەکردووە. ئەو هەستە ناخۆشە بەجۆرێک دەگەڵ ژیان و گوزەرانی خەڵک ئاوێتە بووە کە مەجالی هەناسەکێشانی لێ بڕیوە.

ئازاری کوردبوون لە ئێران، تەنیا ئازاری جیسمی و ئێشی جەستەیی نییە. هەرچەند لەو بەشەدا کورد پشکی شێری پێ بڕاوە و بەردەوام خوێن لە جەستەی دەچۆڕێ، بەڵام ئازارە دەروونی و ڕەوانییەکانی کە لە ئاکامی ئەو هەڵاواردنەدا وێی کەوتووە یەکجار بەژانترە. ئازاری جەستەیی بە خۆڕاگری و کۆڵنەدان کەم دەکرێتەوە، بەڵام ئازاری دەروونی چونکە بەردەوامیی هەیە و دەگەڵ ژیانی ڕۆژانە تێکەڵە، سارێژبوونەوەی ئەستەمە.

با نموونەیەکی دیار و ناسراوی ئەو بوارە باس بکەین: لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵانێک پێش کچێک لە دایک دەبێ. وەک هەر کوردێکی دیکە، بنەماڵەی ئەو کچەش پێیان خۆشە ناوێکی کوردی بۆ کۆرپەکەیان دیاری بکەن. بە بڕیاری دایک و باب، ژینا دەبێتە ناسنامەی ژیانی ئەو کچە و ئیتر هەموو خزم و ناسیاوان بەو ناوە بانگی دەکەن. بەڵام کاتێک کار دەکەوێتە سەر سەبتی ئەو ناوە لە ئیدارەی پێوەندیداری حکوومەتیدا، مەسیری داستان دەگۆڕدرێ. شتێک بە ناوی ژینا دە فەرهەنگی لۆغاتی زمانی زاڵی سەر کۆمەڵگەی ئێراندا وجوودی نییە و هەر بۆیە بنەماڵە دەبێ ناوێکی دیکەی بۆ دیاری بکەن. سەرەنجام و بە ئیجبار «مهسا»ی مانادار لە زمانی فارسیدا وەپاڵ ئەو نەمامەی کورد دەدرێ. لەوە بەدوا بۆ هەموو ژیانی کورتی ئەو کیژۆڵە نازدارەی کورد، دوو ناو، بە دوو مانا و دوو پاشخانی جیاوازەوە تێکەڵی ژیانی ڕۆژانەی دەبێ. لە ماڵەوە ژینایە و لە قوتابخانە «مهسا». دایک بە ژینا بانگی دەکا و مامۆستا بە «مهسا». هەر لێرەوە یەکەمین هەنگاوەکانی هەڵاواردن و کوردئازاری دەست پێدەکا.

ژینای کورد و «مهسا»ی حکوومەتی بە دوو ناوی جیاوازەوە پێ دەگرێ و تێکەڵی دەرد و ڕەنجی لەبڕان‌نەهاتووی نێو کۆمەڵگە دەبێ. ئینجا بە هۆی ژنبوونیشییەوە دەکەوێتە بەر جۆرێکی دەردهێنەرتری هەڵاواردن و لەو بارەشەوە ئەوەی بێحورمەتییە پێی دەکرێ. سەرەنجام لە تەمەنێکدا کە تازە خەریک بوو گوڵی تەمەنی خونچە بکا و باخچەی کۆمەڵگە بڕازێنێتەوە، لە سەفەرێکیدا بۆ پایتەختی وڵات بە تاوانی بێ بنەمای «نەپۆشینی دروستی حیجاب» لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەگیرێ و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیان لە دەست دەدا.

هەتا ئێرە ژیان و مەرگی ژینا ئەمینی، نموونەی ژیانی تاڵ و تفتی زۆر کچ و کوڕی دیکەی کوردە کە هەم ئازاری دەروونی دەچێژن و هەم جەستە و لەشیان دەکەوێتە ژێر ئەشکەنجە و تەنانەت گیانیشیان لێ دەستدێندرێ. بەڵام مەرگی ژینا لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی خەبات و بەرخۆدانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەدوای ئەویشدا خەڵکی کۆی ئێران بەدژی سەرەڕۆیی و زۆرداری هەڵدایەوە. ئەو بزووتنەوە بەهێز و جەماوەرییەی کە بە «ژن، ژیان، ئازادی» ناوی دەرکرد، هەموو ئێرانی گرتەوە، سنوورەکانی بڕی و بۆ ماوەیەکی زۆر خەوی لە چاوی دەسەڵاتدارانی ڕەشپەرست ڕەواند، بەدوای کوشتنی بێڕەحمانەی ئەو کچە کوردە خۆشینەدیوەدا سەری هەڵدا. لە ڕاستیدا دەکرێ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە یەکەم و بەهێزترین بزووتنەوەی سیاسی-کۆمەڵایەتیی هاوچەرخی ئێران بزانین کە هەم لە ئاست بەشداریی جەماوەرییەوە و هەم لە باری ڕێکخەرییەوە دیتراوە.

هەرچەند بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە داخەوە نەیتوانی درێژەی هەبێ و بە هەموو ئامانجەکانی خۆی بگا، بەو حاڵەش هەم توانی حیجابی زۆرەملی کاڵ کاتەوە و ڕۆڵی واقیعیی ژنان لە خەبات و چالاکیدا زیاتر دەربخا، هەم لەوەش گرینگتر کۆمەڵگەی کوردستانی یەکگرتووتر و چاوکراوەتر کرد. لەو کاتەوە تا ئێستا کە چوار ساڵ بەسەر شەهیدبوونی ژینای کورددا تێدەپەڕێ، هەموو ساڵێ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ساڵیادی کۆچیدا لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە و یەک لەوان مانگرتنی گشتی، یادی دەکەن و هاوسۆزیی خۆیان دەردەبڕن. هەر وەک دیتمان ئەمساڵیش بە بۆنەی تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ژینای بێتاواندا و لەسەر داوای هاوپەیمانیی شەش لایەنی سیاسیی کوردستانییەوە خەڵکی زۆربەی شارەکانی کوردستان دەستیان بە مانگرتن کرد و بەمجۆرە ناڕەزایەتیی زیاتری خۆیان بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نیشان دا.

ئەو شەپۆلە هاوخەباتی و هاوپێوەندییەی خەڵکی کوردستان لە چوارساڵەی بزووتنەوەی ژینادا، جارێکی دیکە ڕووی دزێوی شۆڤینیزمی دەسەڵاتدار لە لایەک و فاشیزمی چاوەڕێی دەسەڵاتی ئێرانی نمایش کردەوە. هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دیسان وەک هەمیشە بەربوونە گرتن و تۆقاندنی خەڵک و بە دووپاتکردنەوەی تۆمەتی «تەجزیەتەڵەبی» لە چەکی فاشیزمی مەزنیخوازیی ئێرانیگەری لە دژی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان کەڵکی وەرگرت. دەسەڵاتدارانی ڕێژیم کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو سەرەتا بە چەکی مەزهەب و دواتر گەڕانەوە بۆ مەزنیخوازیی نەتەوەیی لەبەرامەر ویستی مافخوازانەی کورد ڕاوەستاون، ئەم ڕۆژانە زیاتر لە پێشوو لەو چەکە مەترسیدارە کەڵک وەردەگرن. ڕێژیم کە هیچ ڕێگایەک نەماوە لە دژی مان و مەوجوودییەتی کورد تاقی نەکاتەوە، ئێستا بە ئاشکرا بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی کورد دەکا و بێحورمەتیی گەیاندووەتە ئەوپەڕی خۆی. لەو پێوەندییەدا بیرەوەریی شەهیدبوونی ژینا کێچی خستە کەوڵییەوە و دیسان بیانووی کوردئازاریی دیکەی دیتەوە.

هەر وەک دیتمان پاش مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سوپاسی هاودەردی و هاوسۆزیی خەڵکی دڵسۆزی کوردستانی کرد کە خوێنی بە ناحەق ڕژاوی کچەکەیان لەبیر نەکردووە. ئەو پەیامە هەرچەند سادە و هەڵقوڵاوی دەردی بنەماڵەیەکی داغدار بوو، بۆ دوژمنانی یەکگرتوویی کورد وەک پەیامێکی مەترسیدار حیسابی بۆ کرا. هەر بۆیە زوو وەخۆ کەوتن و بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی پەیامەکە و کاریگەرییەکانی، هەرچی بۆیان کرا کردیان. لە لایەک هێزی سەرکوتکەر وەگیانی خەڵک کەوتن و دەستیان بە گرتن و ڕاونان کرد و لە لایەکی دیکەش سەدان فاشیستی دژەکوردی ناسراو و نەناسراو کەوتنە بێڕێزی بەو بنەماڵە داغدارە و ئەوەی شیاوی خۆیان بوو وەپاڵیان دا.

جگە لە دەسەڵاتی زاڵ و شۆڤینیزمی نێوخۆیی، فاشیزمی چاوەڕێی گەیشتن بە دەسەڵاتیش لەو بارەوە بێکار دانەنیشت. ئەوانەی دە جلی وتووکراوی ئورووپاییدا باسی ئێرانی سێکۆلاری دوای کۆماری ئیسلامی دەکەن، بۆ دژایەتی دەگەڵ کورد چەند هەنگاویش لە ڕێژیم چوونە پێش. پاشماوەکانی نیزامی نگریسی شایەتی کە بە دروشمی یەک وڵات، یەک ئاڵا و یەک ڕێبەر خەونی گەڕانەوە بۆ سەر تەختی دەسەڵاتیان هەیە، دژایەتی دەگەڵ مافەکانی کوردیان وەک ئەرکی هەنووکەیی داناوە. ئەوان تەنیا بە گۆڕینی ناوی ژینا بۆ «مهسا» قایل نابن، بگرە دەخوازن بنەچەکی بنەماڵەیشی بسڕنەوە و تەنانەت حەق بە باوکی نەدەن وەک کچی خۆی باسی بکا. فاشیستە چاوچنۆکان دەیانەوێ ژینای کورد بکەنە «مهسا»ی ئێران و لە زێد و شار و وڵاتی خۆی داببڕن. دەیانەوێ بەرگی ڕەگەزپەرستانەی ئێرانیگەری بەبەردا بکەن و وەک چۆن مێژوویەکی درۆینیان بۆ ئێران ساز کردووە، لەم ڕووداوەش درۆیەکی دیکە بخەنە سەر مێژووی درۆینیان.

فاشیستەکان بەوە تووڕەن کە باوکی ژینا بە زمانی کوردی سوپاسی خەڵکی کوردستانی کردووە کە لە یادی شەهیدبوونی کچەکەیدا مانیان گرتووە. ئەوان ئەو پەیامە کورتەیان پێ تەحەممول نەکراوە و لافاوی تۆمەت و بێڕێزییان وەڕێ خستووە. دەڵێن «مهسا» کچی ئێرانە و نابێ بخرێتە قەوارەیەکی چووکەترەوە. دەڵێن نابێ بە ناوی ژینا بانگ بکرێ، جلی کوردی بکرێتە بەر و بە زمانی غەیری فارسی باسی لەسەر بکرێ. دەڵێن دەبێ دە ئاڵای شێروخورشیدنیشانەوە بپێچرێ و بە دروشمی «خودا، شا، مەیهەن» یادی بکرێ. ئەو فاشیستانە هێندە داخلەدڵن کە تەنانەت منەتی ئەوەندە هاتنە سەر شەقامەشیان بۆ دژایەتی دەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە سەر بنەماڵەی ژینادا دەکەن و دەڵێن ئێمە بە خاتری کچێکی ئێرانی ناڕەزاییمان دەربڕی، نەک کچێکی «تەجزیەتەڵەب». ئەو فاشیستانە هەر لە ئێستاوە خەت و نیشان بۆ کورد دەکێشن و هەڕەشەی ئەوە دەکەن ئێرانی داهاتوو جێگای هیچ مافخوازییەکی نەتەوەیی تێدا نییە.

نموونەی ژیان و مەرگی ژینا و ئەو ئازارانەی دوای مەرگیشی بنەماڵەکەی و خەڵکی کوردستان دەیکێشن، پێمان دەڵێ ئازاری کوردبوون هەتا چ ڕادەیەکە. ژیان لە کۆمەڵگەیەکدا کە هەستی پاکتاوی مەزهەبی، نەتەوەیی، زمانی، جینسی و هی دیکەی تێدایە، مەرگەساتە. کورد دەو مەرگەساتەدا دەژی. بۆ خۆڕزگارکردن لەو مەرگەساتە، جگە لە درێژەی خەباتێکی یەکگرتوانە و مانادار ڕێگایەکی دیکەمان نییە. بۆ ئەوەی هیچی دیکە ژیناکانمان بێناز نەمرن و بنەماڵەکانیان بێحورمەتییان پێ نەکرێ، لەسەرمانە وەخۆ بێینەوە. دەنگی پێی فاشیزمی مەزنیخوازیی ئێرانی لە بن گوێمانە.