کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی ٧ هاووڵاتیی سەقزی و کەسایەتییەکی ناسراوی بانەیی

09:51 - 17 رەزبەر 2726

لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی سەرەڕۆیانە ٧ هاووڵاتیی سەقزییان دەسبەسەر کرد و یەکێک لە کەسایەتییە ناسراو و خێرخوازەکانی خەڵکی بانە، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک دەسبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی ڕەزبەر، هێزه سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم کاتژمێر ٦ی سەرلەبەیانی بەبێ بەڵگەی یاسایی و بەشێوەیەکی دڕندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو ٧ هاووڵاتییە سەقزییە و وێڕای دروستکردنی دۆخێکی ترسێنەر و دوای پشکنینی تەواوی ماڵەکانیان، بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردوون و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.

ناسنامەی دەسبەسەرکراوان بریتین لە: عەبدوڵڵا ئەمینی، ڕەحیم حەقپەرەست، سەید محەممەدساڵح حوسێنی، محەممەد حەکیمپوور، مستەفا قادری، خالید ڕەحیمی، حوسێن عەبدوڵڵاهی.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "خۆڕاگری" ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی ڕەزبەر، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری بانە، بەبێ بوونی بەڵگە، بەشێوەیەکی دڕندانە هەڵیانکوتاوەتە سەر حەسەن مستەفایی، خێرخواز و هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە و بە توندوتیژییەوە ڕفاندوویانە.

جێی ئاماژەیە کە، ئەو هاووڵاتییانە لە دوای دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک  لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییه و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێئاکام ماوەتەوە.