لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، لانیکەم چوار هێرشی چەکداری لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای سیستان و بەلووچستان ڕووی داوە که تێیاندا زیاتر لە ۱۲ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژران و بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی حاڵوەش، تا ئێستا ناسنامەی بەشێک لە کوژراوان و بریندارانی ئەم هێرشانە ڕوون بووەتەوە، بەڵام زانیارییە مەیدانییەکان دەریدەخەن کە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان لە ئاماری پشتڕاستکراوەکان زۆر زیاترە و ناسنامە و دۆخی ژمارەیەکی تریش لە کوژراوان و برینداران هێشتا نادیارە.
لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر دوو ئۆتۆمۆبیلی هەڵگری هێزە سەربازییەکان لە ناوچەی «کریندووک»ی نیکشار، شهش کەس کوژران و چەند کەس بە ناوەکانی «محەممەدڕەزا ئۆکاتی»، «عەلی نەجەفی»، «محەممەدڕەزا حوسێنی»، «موجتەبا میر»، «کەیخا» و «ئێرامەنش» لە هێزەکانی ڕێژیم، کوژران و بریندار بوون.
ئەم کەسانە تەنیا ئەو ڕێژەیە لەو کوژراو و بریندارانەکان لەخۆ دەگرێت کە بۆ نەخۆشخانەی «محەممەد ڕەسوولوڵڵا»ی نیکشار گواستراونەتەوە.
لەسەر گواستنەوەی ژمارەیەکی تری بریندارەکان بە هەلیکۆپتەر بۆ ناوەندە دەرمانییەکان لە چابەهار، کونارەک و ئێرانشار ڕاپۆرت بڵاو بووەوە کە ژمارە و ناسنامەیان تا ئێستا نادیارە.
لە هێرشێکی تردا، ئۆتۆمۆبیلێکی گەڕۆکی یەکەی تەکاوەری هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەی نوسرەت ئابادی شاری زاهێدان، کەوتە بەر هێرشی هێزێکی چەکدار.
تا ئێستا ناسنامەی دوو هێزی کوژراوی ڕێژیم بە ناوەکانی ستوان سێیەم «وەحید عینایەت» و «عەباس ئاقایی» خەڵکی قوم، ڕاگەیەندراوە.
هەروەها باس لە کوژرانی لانیکەم سێ هێزی چەکدار و برینداربوونی دوو هێزی تریش دەکرێ، کە ناسنامەیان بە تەواوی یەکلا نەکراوەتەوە.
لە فاریابیش، فەرماندەیەکی باڵای ڕێژیم بە ناوی سەرگورد «مەهدی جەمشیدی» لە ناوەندی ئەو شارە لە ناو ئۆتۆمۆبیلی خۆیدا، کرایە ئامانج و کوژرا.
لە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥دا چەندین ڤیدیۆ لە جەمشیدی لە کاتێکدا توندوتیژیی دژی ژنانی بەلووچستان ئەنجام دابوو، دەنگدانەوەی لێکەوتەوە.
ئێوارەی ۱۵ی ڕەزبەریش، ستادی فەرماندەیی ئینتزامیی شاری گوڵشەن لە شاری جالق کەوتە بەر هێرشێکی چەکداریی توند.
شایانی باسە ئاماری زیاتر لە ۱۲ کوژراو و برینداری ڕێژیم لەم ڕاپۆرتەدا، تەنها ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە تا ئێستا لەسەر بنەمای زانیارییە پشتڕاستکراوەکان تۆماری کراون و ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکانی ئەم چوار ڕووداوە دەتوانێت زۆر لەم ڕێژەیە زیاتر بێت.
«بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی» بەرپرسیاریەتیی هێرشەکانی نیکشار، نوسرەت ئاباد و جالقی لە ئەستۆ گرتووە. ئەم گرووپە تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەک لەبارەی کوژرانی هێزە سەربازییەکەی فاریاب بڵاو نەکردووەتەوە و بەرپرسیاریەتیی ئەم ڕووداوەی لە ئەستۆ نەگرتووە.