گۆڤاری حەفتانەی "ڤیرتشافتس ڤۆخێ"ی ئاڵمانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە دەزگا هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی بەئامانجگرتنی دامەزراوە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە خاکی ئاڵماندا دەدەن، لەوانەش بنکە ئاسمانییەکانی "ڕامشتاین" و " شپانگدالێم".
بەپێی زانیارییەکانی ئەم گۆڤارە کە لەزاری چەند بەرپرسێکی هەواڵگریی ڕۆژاوایی ئامادە کراوە، ئیسرائیل سێ حەفتە پێشتر، هاوپەیمانە ئاڵمانی و ئەمریکاییەکانی لە مەترسیی هێرشێکی هاوشێوە ئاگادار کردووەتەوە.
ئەم نیگەرانییانە زیاتر ڕوویان لە بنکە سەربازییانەی "ڕامشتاین" و "سپانگدالم"ە کە پشتگیری لە ئۆپەراسیۆن و لۆجیستیکی سەربازیی ئەمریکا لە پەیوەندی لەگەڵ شەڕی دژ بە ئێراندا دەکەن.
هاوكات بەرپرسانی بەرگریی ئاڵمان و باڵوێزخانەکانی ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل لە بێرلین ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەمبارەیەوە بدەن.
وتەبێژی فەرماندەیی ئەمریکا لە ئورووپا ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بە زانیارییە هەواڵگرییەکان قسە ناکەن، بەڵام چاوەدێریی دۆخی ئەمنییەتی دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە ئاڵمان لە حەفتەکانی ڕابردوودا چاوەدێریی زیادبوونی چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێرانی کردووە.
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدایە کە واشنگتۆن پێشتر ئاشکرای کردبوو بەهۆی هەڕەشەکانی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێرانەوە، فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی لە جۆری B-1ی لە بنکەی ئاسمانیی "فێرفۆرد" لە بریتانیا گواستووەتەوە.