لە درێژەی شەڕ و پێکدادانە بەردەوامەکانی نێوان هێزێکی چەکداری نەناسراو و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە سیستان و بەلووچستان، پلەدارێک و سەربازێکی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە لە ئەنجامی هێرشی چەکداریدا بۆ سەر خاڵێکی پشکنین لە شاری ڕاسک کوژران.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ۹ی ڕەزبەر، هێزی سەرکوتکەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کوژرانی چەکدارێکی خۆیانی ڕاگەیاند، ئەمە لەکاتێکدایە کە جێگری ئەمنی و ئینتزامیی پارێزگار لە لێدوانێکی جیاوازدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم هێرشە «هیچ چەشنە زیان یان ڕووداوێکی تایبەتی» لێ نەکەوتووەتەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی پۆلیسی پارێزگاكە، ئەندامە کوژراوەکەی بە گرووهبان یەکەم "عەلیڕەزا سەنچوولی" ناساند.
عەلی خەلیل ئابادی، جێگری ئەمنی و ئینتزامیی پارێزگاری ڕێژیم لە سیستان و بەلووچستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئیرنا وتی کە هێرشبەران تەقەیان لە خاڵی پشکنینی «ئەحمەد ئاباد» لە دەروازەی شاری ڕاسک کردووە.
هاوکات ماڵپەڕی حاڵوەش، هەواڵی کوژرانی لانیکەم سەربازێکی لە هێرشی بەرەبەیانیی پێنجشەممە بۆ سەر خاڵی پشکنینی ڕاسک، ڕاگەیاند.
ئەوە لەکاتێکدایە کە دوو ڕۆژ پێش ئەم هێرشە، واتە ۷ی ڕەزبەر، چەکدارێکی پۆلیسیش لەلایەن هێزێکی نەناسراوەوە کوژرا.
هەروەها ١ی ڕەزبەریش، حوسێن زەریفی، فەرماندەی بنکەی سەجادی سپای پاسداران، لە پێکدادانی ناوچەی جەهادئابادی سەراواندا کوژرا.
هەر لەو هێرشەدا باس لە کوژرانی ئەحمەد هەراتی زەراعی، بەرپرسی ئیتلاعاتی ئەم بنکەیە، و برینداربوونی لانیکەم ۱۳ هێزی سەربازی و ئەمنیی ڕێژیم کراوە.
هەو لەو پێوەندییەدا، پێشتر و لە ۲۷ی خەرماناندا، لانیکەم هێزێکی ئەمنیی دیکەی ڕێژیم لەم پێکدادانەدا بریندار ببوو.
لە ۲۱ی خەرمانانیشدا، پێکدادانێکی سەخت لە ناوچەی بەخشان لە سەراوان، کوژرانی سێ هێزی سپای پاسدارانی لێکەوتەوە.
هەروەها لە ۱۵ی خەرمانان، دوو هێزی بنکەی ئۆپەراسیۆنی میرحوسێنی بە ناوەکانی ئەبولفەزڵ عوودی و کەیوان ڕەمروودی لە هێرشی هێزی چەکداردا بۆ سەر ماشێنێکی هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەی کورینی زاهێدان کوژران.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی ئەو ڕووداوە، بێجگە لە یەک هێرش، هیچ گرووپێک بەرپرسیاریەتیی ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ نەگرتووە.