کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ٦ کەس، ٢٧ شیرکەت و ٢٢ کەشتیی لە پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا سزا دا

10:49 - 17 رەزبەر 2726

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ٦ کەس، ٢٧ شیرکەت و ٢٢ کەشتیی لە پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا خستە پێڕستی سزادراوانەوە. واشنگتۆن ڕایگەیاند سزا نوێیەکان دژی کەشتیگەلی سێبەر، بەشی زۆری تۆڕی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە پێترۆشیمییەکانی ئێران لەکار دەخەن.

بەپێی پێڕستی فەرمیی ئۆفاک (OFAC) کە پێنجشەممە ١٦ی ڕەزبەر بڵاو بووەوە، ٥ هاووڵاتیی هیندستانی و هاووڵاتییەک لە تورکیە لە ناو سزادراوەکاندایە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ڕایگەیاند ئەم کەشتییانە چەندین میلیۆن بەرمیل نەوتی خاو، بەرهەمە نەوتییەکان و بەرهەمە پێترۆشیمییەکانی ئێرانیان بۆ بازاڕەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا گواستووەتەوە.

ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی «گۆشەگیریی ئابووری» دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ٢ی خەرمانانەوە بە ئامانجی بڕینی سەرچاوەکانی داهاتی ڕێژیمی ئێران و سزادانی ٧٨ کەس، شیرکەت و کەشتی دەست پێکرد.

ئەو وەزارەتەی ئەمریکا لەو ڕاگەیەندراوە نوێیەدا ڕایگەیاند کە سەرکەوتنی گەمارۆی ئەرتەشی ئەمریکا، کەمبوونەوەی بارە نەوتییەکانی ئێران لە دەرەوەی سنووری گەمارۆکە و توندکردنەوەی گوشار لەسەر بەشە جیاوازەکانی ئابووری، بژاردەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ جێگیرکردنی ئابووریی وڵات سنووردار کردووە. هەروەها ئەم وەزارەتە ئابووریی ئێرانی بە «بەرەو داڕمان» وەسف کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کەشتیگەلی سێبەری ئێران بە تۆڕێک لە نەوتکێشە ڕزیوەکان وەسف کراوە کە حکوومەت بۆ گواستنەوەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بە بڕی میلیارها دۆلار بۆ بازاڕە دەرەکییەکان پشتی پێ دەبەستێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی خەزێنەداری، بەئامانجگرتنی ئەم کەشتییانە و کۆمپانیا پشتگیریکەرەکان، ئەو ڕێگایانە دەبڕێت کە کۆماری ئیسلامی بۆ دەربازبوون لە سزاكان، بەڕێوەبردنی بەشی پترۆشیمی و گەیاندنی سەرچاوەکان بە لایەنە ناسەقامگیرکەرەکانی ناوچەکە بەکاریان دەهێنێت.

ئەم وەزارەتە جەختی کردەوە کە تێکەڵەی کەشتیگەلی سێبەر بەردەوام دەگۆڕێت و کەشتییەکان پەیوەندی بەم تۆڕەوە دەکەن یان لێی جیا دەبنەوە. وەزارەتی خەزێنەداری ڕاگەیاند کە چاودێریکردن، ناسینەوە و تێکدانی هەوڵەکان بۆ دەربازبوون لە سزاكان هەر بەردەوام دەبێت.