کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەدرەزا حائیری خەڵاتی ساڵی ۲۰۲۶ی "فرانت لاین دێفێندێرز"ی پێ بەخشرا

14:06 - 17 رەزبەر 2726

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردەوە کە ئەحمەدرەزا حائیری، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و چالاکی مافی مرۆڤ و لە داھێنەرانی هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان"، خەڵاتی ساڵی ۲۰۲۶ی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی "Front Line Defenders"ی بەدەست هێنا.

ئەم چالاکوانە مافخوازە کە لە خەرمانانی ئەمساڵدا دوای تێپەڕاندنی سێ ساڵ و نیو بەندکران لە بەندیخانەی قزڵحەسار ئازاد کرا، لە ماوەی ڕاگرتنی لە بەندیخانەدا ڕووبەڕووی گوشاری سیستماتیک لەوانە لێدان، ڕاگرتن لە ژووری تاکەکەسی و کردنەوەی دۆسییەی نوێ بووەوە.

حائیری لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ ڕێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە ڕایگەیاند: "ئەوان خوازیاری مردنن، لە کاتێکدا ئێمە بۆ ژیان خەبات دەکەین؛ دڵنیام لە خەباتماندا بۆ مافی ژیان، هیچ شکستێک نییە."

هەڵمەتی "سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان" بە مانگرتنی حەفتانەی بەندکراوانی سیاسی لە قزڵحەسار دەستی پێکرد و ئێستا بۆ دەیان بەندیخانەی دیکە لە سەرانسەری ئێراندا پەرەی سەندووە.