کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا: کۆماری ئیسلامی منداڵانی ١٢ ساڵان ڕاکێشی گرووپە چەکدارەکان دەکات

14:14 - 17 رەزبەر 2726

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی نوێی خۆیدا لەبارەی قاچاخی مرۆڤەوە ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی منداڵان لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە بۆ چالاکییە سەربازی و ئەمنییەکان ڕادەکێشێت و لە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی مرۆڤدا، کەمترین ستانداردە پێویستەکان ڕەچاو ناکات.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سپای تێرۆریستیی پاسداران و بەسیجی منداڵان لە ئێران و پەنابەرە مەترسیدارە لێقەوماوەکانی ئەفغانستانی، پاکستانی و سووری ڕادەکێشن.

هەروەها سپای پاسداران لە سەرەتای ئەمساڵدا هەڵمەتێکی بۆ ڕاکێشانی هێز دەست پێکرد کە تێیدا کەمترین تەمەن بۆ هەندێک لە چالاکییە ئەمنییەکان ١٢ ساڵ دیاری کرابوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەرپرسانی  ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بە چاوپۆشیکردن لە تاوانە پەیوەندیدارەکانی قاچاخی مرۆڤ و دابینکردنی بەستێنی پارێزبەندی بۆ تاوانباران تۆمەتبار دەکات.

ئەم ڕاپۆرتە هەروەها ئاماژە بە پشتگیریی ماددیی تاران لە حوسییەکانی یەمەن دەکات؛ گرووپێکی چەکدار کە تاوانبارە بە بەکارهێنانی منداڵانی سەرباز.

ئەم ڕاپۆرتە جارێکی تر بابەتی ڕاکێشانی منداڵان بۆ ناو چالاکییە چەکدارییەکان و دەرئەنجامەکانی بۆ مافەکانی منداڵان لە ئێران و ناوچەکەدا خستووەتە چەقی سەرنجەکانەوە.