کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توێژەرێکی کوردستانی خەڵاتی زێڕی "INOVA 2026"ی بەدەست هێنا

14:18 - 17 رەزبەر 2726

دوکتۆر حامید موحەبەتی، توێژەر و داهێنەری کوردستانی، بە بەشداریکردنی لە پێنجەمین خولی پێشانگا و کێبڕکێ نێودەوڵەتییەکانی داهێنان و نوێگەریی "INOVA 2026" لە وڵاتی کرۆواسی، میداڵی زێڕی ئەم ڕووداوە جیهانییە و خەڵاتی تایبەتی زانکۆی نیشتمانیی زانست و تێکنۆلۆژی پۆلیتەکنیکی بوخارستی ڕۆمانی بەدەست هێنا.

ئەم سەرکەوتنەی توێژەرە کوردستانییەکە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پڕۆژەیەک بە ناوی "CryptoMind AI" بەدەست هات کە سەرنجی لەسەر تێکنۆلۆژی نوێیەکانی ژیریی دەستکرد چڕ کردووەتەوە.

پڕۆژەکەی موحەبەتی دوای هەڵسەنگاندنی وردی دەستەی ناوبژیوانان، جگە لە وەرگرتنی میداڵی زێڕ، توانی خەڵاتی تایبەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی بوخارستیش بباتەوە؛ ئەنجامێک کە بە یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم ڕووداوە نێودەوڵەتییە ئەژمار دەکرێت.

پێنجەمین خولی پێشانگای INOVA بە بەشداریی نوێنەرانی ۵۷ وڵاتی جیهان و بە خستنەڕووی نزیکەی ۶۰۰ داهێنان و پڕۆژەی نوێگەری بەڕێوە چوو.

ئەم پیشانگایە بە یەکێک لە کۆڕبەندە دیارەکانی داهێنەران لە سەرانسەری جیهاندا دادەنرێت کە ساڵانە گرنگی بە نوێگەری لە بواری تێکنۆلۆژیدا دەدات.