لە ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی خەبات دژی سزای لەسێدارەدان، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە "١٠ی ئۆکتۆبر تەنها بۆنەیەکی ساڵنامەیی نییە؛ بەڵکوو بانگەوازێکە بۆ پێداچوونەوە بە کەرامت مرۆڤ لەو جیهانەی کە هێشتا لە چنگە ساردەکانی توندوتیژیی یاساییدا گیری خواردووە".
هەروەها لەو بەیاننامەدا هاتووە کە "ئەم ڕۆژە، دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بە چاوێکی ڕەخنەگرانە لە کارکردی سیستەمە سەرکوتکەرەکان بڕوانین و جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی «مافی ژیان» وەکو بناغەی هەرە بنەڕەتیی مافەکانی مرۆڤ بکەینەوە".
هەروەها ئەو ئەنجومەنە نووسیویەتی: "لە جوغرافیای سیاسیی ئێراندا، بەتایبەت لە کوردستان، ١٠ی ئۆکتۆبەر مانایەکی قووڵتر لە چەمکە یاساییەکان دەبەخشێت".
لەو بەیاننامەدا لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی نەتەوەی کورددا هاتووە کە "بۆ نەتەوەیەک کە نزیکەی نیو سەدەیە شایەتحاڵی پچڕانی هەناسەی لاوەکانی لەسەر لووتکەی پەتی سێدارە بووە، سزای لەسێدارەدان نەک ئامرازێکی دادوەری، بەڵکوو ئامرازێک بۆ سەرکوتی سیستماتیک بووە ".
ئەنجومەنە لەسەر ئەو بڕوایەیە کە "کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە چەمکە بێ بنەماکانی وەک «موحاربە» و «مفسد فیالأرض»، پەیوەندیی نێوان دادپەروەری و تۆڵەسەندنەوەی ئەوەندە تێکشکاندووە کە ئەمڕۆ پەتی سێدارە بووەتە هێمای سەرەکیی پێکدادانی دەسەڵات لەگەڵ خواستی ئازادیخوازاندا".
لەو بەیاننامەدا لەسەر ئەوە پێداگریی کراوەتەوە کە "هیچ پێکهاتەیەکی دەسەڵات، هیچ ئیدۆلۆژی و سیستەمێکی دادوەری، شایستەیی ئەوەی نییە «مافی ژیان» لە تاک زەوت بکات".
ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند کە "لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی، کە هیچ تاوانێکیان نەبووە جگە لە بیرکردنەوە و وتنی ڕاستی، نەک تەنها پێشێلکاریی ئاشکرای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە، بەڵکوو سووکایەتیکردن بە کەرامەتی مرۆڤایەتیشە".
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە "ڕاگرتنی لەسێدارەدان، هەنگاوی یەکەمە بۆ تێپەڕین لە سەردەمی توندوتیژی بۆ سەردەمی لێبووردەیی و ڕێزگرتن لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ".