لە بەرەبەرەی ڕۆژی جیهانیی کچاندا، ۲۴ ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە داوایەکی هاوبەشدا داوایان لە کۆمپانیاکانی "گووگڵ" و "مێتا" کرد بەپەلە ئەپلیکەیشنی "ئادەم و حەوا" و هەژمارە ڕێکلامکەرەکانی لە سەکۆکانیان بسڕنەوە؛ سەکۆیەک کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت و بۆ ئاسانکاریی بەشوودانی کچانی تەمەن بچووک و گوشارخستنەسەریان بۆ هاوسەرگیری بەکار دەهێنرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕیکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، ڕێکخراوە واژۆکەرەکان جەختیان کردووەتەوە کە ئەم ئەپلیکەیشنە ئێرانییە بە مۆڵەت و هاندانی دەوڵەت، ڕێگە بە ناساندنی کچانی ۱۳ تا ۱۷ ساڵ وەک بژاردەی هاوسەرگیری دەدات و زانیارییەکانیان بەبێ ئاستەنگ دەخاتە بەردەستی ڕای گشتی.
بەپێی توێژینەوەکان، ئەم سەکۆیە لەلایەن "کۆمەڵەی ئیمام ڕەزاییەکان" بە سەرپەرشتیی حوسێن یەکتا، لە فەرماندە باڵاکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران، بەڕێوە دەبرێت و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە دامەزراوە ئەمنییەتییەکانەوە هەیە.
ڕێکخراوەکان داوایان لە گووگڵ و مێتا کردووە لە ماوەی ۳۰ ڕۆژدا ئەم ئەپلیکەیشنە بسڕنەوە، سیستەمی کۆنتڕۆڵی تەمەن بەهێز بکەن و ڕێگە نەدەن تێکنۆلۆژی بۆ دەستدرێژیکردنە سەر مافی منداڵان و بێبەشکردنیان لە مافە سەرەتاییەکانیان بەکار بێنرێت.
بەپێی یاسای مەدەنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوسەرگیریی کچان لە ۱۳ ساڵییەوە و تەمەنی خوار ئهوەش بە مۆڵەتی دادوەر ڕێگەپێدراوە، کە ئەمەش بەپێچەوانەی کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتیی مافەکانی منداڵانە کە داواکارە لانیکەمی تەمەنی هاوسەرگیری ببێتە ۱۸ ساڵی ڕێک.
لە کاتێکدا گووگڵ پلەی بە نیشانەی "گونجاو بۆ هەموو تەمەنەکان" زیاتر لە ۱۰۰ هەزار جار ئەم بەرنامەیەی دابەزاندووە و هەژماری ئینستاگرامەکەی ۱۹۲ هەزار فاڵۆوێری هەیە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە کە بەکارهێنانی سەکۆ نێودەوڵەتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی ناوی کچانی تەمەن بچووک، ڕاستەوخۆ هاوکارییە لە پەرەپێدان لە بەشوودانی پێشوەختە و پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان لە ئێراندا.
ئەو ڕاپۆرتە نیشانی دەدات کە ئەم دیاردەیە چیتر تەنیا نەریتێکی کۆنەپەرستانە یان بڕیارێکی خێزانی نییە، بەڵکوو بووەتە سیاسەتێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ڕێژیم کە بە هاوکاریی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی وەک گووگڵ و مێتا جێبەجێ دەکرێت.