کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویۆرک تایمز: ترامپ ڕێکارە سەربازییە نوێیەکان دژی ئێران تاوتوێ دەکات

14:48 - 17 رەزبەر 2726

ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرای کرد کە دونالد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، فەرمانی بە داڕشتنی نەخشەی نوێ بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی دژی ئێران داوە؛ بەڵام جەختی کردووەتەوە کە هیچ کردەیەک تا پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی ئەمریکا لە ۳ی نوامبر ئەنجام نادرێت.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ترامپ داوای لە پێنتاگۆن کردووە بژاردەکانی بۆ بەئامانجگرتنی ژێرخانی مووشەکی و دڕۆنی، دامەزراوەکانی وزە و ناوەندە سەربازییەکانی ئێران ئامادە بکەن.

هەرچەندە سەرۆککۆماری ئەمریکا لە مانگەکانی ڕابردوودا پێشنیاری ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی ڕەت کردبووەوە، بەڵام لە کۆبوونەوەی هەینیی ڕابردووی کەمپ دەیڤددا، ڕێکارێکی نوێی سێ ڕۆژەی گوشاری تاوتوێ کردووە.

لە هەمان کاتدا، واشینگتن لە ئامادەکاریی تەواودایە و ناردنی هێزی زیاتری بۆ ناوچەکە دەست پێ کردووە.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمریکا، سێیەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا "یوو ئێس ئێس تیۆدۆر ڕووزڤێڵت" لەگەڵ هەزاران سەرباز تا کۆتایی مانگی ئۆکتۆبر دەگەنە ناوچەکە.

ئەم جێگیرکردنە سەربازییانە نیشاندەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئامادەیی واشنگتۆنە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری لەگەڵ تاران لە دوای هەڵبژاردنەکان.