کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامێکی پارلەمانی ئورووپا داوای لێکۆڵینەوەی لە تاوانەکانی ڕێژیمی ئێران لە دادگاکانی ئورووپادا کرد

14:53 - 17 رەزبەر 2726

هانا نۆیمەن، ئەندامی پارلەمانی ئورووپا، ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی ڕەزبەر داوای کرد کە لەسەر بنەمای ڕێسای "دەسەڵاتی دادوەریی جیهانی"، لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بکرێت و بەرپرسانی سەرکوتکاری ئەو تاوانانە لە دادگاکانی ئورووپادا وڵامدەر بن.

نۆیمەن لە وتارەکەیدا لە پارلەمانی ئورووپا، ئاماژەی بە دۆسییەی تەرانە ڕەحیمی و لەیلا ئەبولحەسەنی کرد کە لە خۆپیشاندانەکانی ئێسفەهاندا دەسبەسەر کراون و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە ناوی تاوانباران، زنجیرەی فەرماندەیی و بەڵگەی تەواوی تاوانەکانی ڕێژیم کۆ کراونەتەوە.

نۆیمەن ڕوو لە هاوکارانی لە پارلەمانی ئورووپا جەختی کردەوە: "ئێمە ناتوانین کوژراوەکان بگەڕێنینەوە، بەڵام دەتوانین گەرەنتی ئەوە بکەین کە بەرپرسانی ئەم تاوانە لە سزادان ڕانەکەن."

ئەو هەروەها وتی: "ڕێژیم دەتوانێت کۆنتڕۆڵی دادگاکانی ئێران بکات، بەڵام توانای کۆنتڕۆڵکردنی دادگاکانی ئورووپای نییە. بۆیە ئەگەر دەرفەتی بەدیهێنانی دادپەروەری لە نێوخۆی ئێراندا نەبێت، دەبێت لە شوێنێکی دیکەدا بەدوایدا بگەڕێین."

ناوبراو داوای لە وڵاتانی ئاڵمان، فەرانسە، هۆڵەند و سوید کرد دادگاییکردنی تاوانباران دەست پێ بکەن.

ئەم داوایە دوای ئەوە هات کە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەرپرسانی ئێرانی بە ئەنجامدانی "تاوانی شەڕ" و "تاوان دژ بە مرۆڤایەتی" تۆمەتبار کرد.

لە لێدوانێکی پەیوەندیداردا، مارکۆ ڕوبیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەبێت تەرکیز بخاتە سەر کۆمەڵکوژکردنی دەیان هەزار هاووڵاتیی ناڕازی لە شەقام و نەخۆشخانەکانی ئێراندا.

ئەم هەڵوێستانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەوڵێکن بۆ بەکارهێنانی دادگا دەرەکییەکان، تا ڕێگە لە دەربازبوونی تاوانباران و تۆمەتبارانی سەرکوت لە سزادان بگرن.