دەستەیەک لە پسپۆڕانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ۱۷ی ڕەزبەر، بە دەربڕینی نیشاندانی نیگەرانیی قووڵ لە زیادبوونی جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە ئێران، داوایان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد بەپەلە سەرجەم سێدارەدانەکان ڕابگرن.
لە بەیاننامەی ئەم پسپۆڕانەدا هاتووە کە ئێران لە ڕیزی ئەو وڵاتانەیە کە هێشتا لە جێبەجێکردنی سزای سێدارە بەردەوامە و بەپێی ڕێژەی دانیشتووانەکەی، یەکێک لە بەرزترین ئامارەکانی لەسێدارەدانی لە ئاستی جیهاندا هەیە.
مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران و یەکێک لە ئامادەکارانی سەرەکیی بەیاننامەکە، بە ئاماژەدان بە دۆخی قەیراناویی مافی مرۆڤ لە ئێران جەختی کردەوە کە گەرچی ناتوانرێت گیانی قوربانییان بگەڕێندرێتەوە، بەڵام چارهنووسی ئەو بەندکراوانەی کە لەبەر دەرگای سێدارەدانن، هێشتا لە دەستی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدایە.
پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە سەرکوتکردنی خوێناوی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ و کوژرانی هەزاران خۆپیشاندەر، جەختیان کردەوە کە هیچ خۆپیشاندەرێک، بەبێ گرنگیدان بەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان، نابێت لە سێدارە بدرێت.
ئەم بەیاننامەیە هەروەها نیگەرانیی قووڵی دەربڕیوە لە پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی دەسبەسەرکراوان، لەوانە ئەشکەنجە، بێسەروشوینکردنی زۆرەملێ، توندوتیژیی سێکسی، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و بێبەشکردنی تۆمەتباران لە دەستگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ.
واژۆکەرانی بەیاننامەکە جەختیان کردەوە کە کۆماری ئیسلامی سزای سێدارە بۆ سەرکوتکردنی دژبەران و کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتی بەکار دەهێنێت.
بە وتەی ئەوان، سێدارەدان نەک هەر کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان ناهێنێت، بەڵکوو بەستێن بۆ سەرهەڵدانی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتی خۆش دەکات.
لە کۆتاییدا، پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای ڕاگرتنی بەپەلەی جێبەجێکردنی سەرجەم سزاکانی سێدارە و پێداچوونەوەی دۆسییەی سزادراوانیان لە دادگا دادپەروەرانەدا کرد و جەختیان کردەوە کە کۆتاییهێنان بەم سزایە دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بۆ دوورکەوتنەوەی ئێران لە خولی توندوتیژی و سەرکوتکاری بێت.