ئەمڕۆ شەممە ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی دژ بە سزای لەسێدارەدان، بەشی ئاماری کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران "هێرانا" ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاو کردەوە و باسی لە توندبوونێکی مەترسیدار و بێوێنەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، بەردەوامیی پەردەپۆشکردنی سزا و زیادبوونی بەرچاوی دۆسییە سیاسییەکان لە ئێران دەکات.
بەپێی داتاکانی هێرانا، لە ماوەی نێوان ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ تا ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦، لەسێدارەدانی ٢,٠٠٣ کەس لە ناوچە جیاجیاکانی ئێران تۆمار کراوە. ئەم ژمارەیە بەراورد بە ماوەی زەمەنیی ساڵی پێشوو، نزیکەی لە سەدا ٢٩ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و بەرزترین ئاستە کە لە دە خولی ڕاپۆرتدانی پێشووی ئەم ناوەندەدا تۆمار کرابێت.
هەروەها لەم ماوەیەدا، دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ٢٣٠ بەندکرانی دیکە تۆمار کراوە.
لەپاڵ ئەمانەشدا، زیادبوونی ژمارەی لەسێدارەدانە سیاسی و ئەمنییەتییەکان یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم خولەیە. ناسنامەی ٦٩ کەسی تۆمار کردووە کە بە تۆمەتی سیاسی-ئەمنییەتی لە سێدارە دراون؛ کە لەو ژمارەیە ٣٥ کەسیان (نزیکەی سەدا ٥١) لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کراوە.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ئەم ڕاپۆرتە جەختکردنەوەیە لەسەر ڕێژەی بەرزی پەردەپۆشکردنی ئەو سزایە بە شێوەیەک کە نزیکەی سەدا ٩٥ی لەسێدارەدانەکان بە شێوەیەکی نهێنی یان بێ ڕاگەیاندنی فەرمی لە دەنگوڕەنگ و هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمدا ئەنجام دراون و تەنیا نزیکەی سەدا ٥ی لەسێدارەدانەکان لە ڕێگەی سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕاگەیەندراون.
ڕاپۆرتە ساڵانەکەی هێرانا هەروەها تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لەو ڕێژەیە لەسێدارەدانی ٤٧ ژن و چوار مێردمنداڵ تۆمار کردووە.