ڕۆژی هەینی ۱۷ی ڕەزبەری ١٤٠٥، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پێکدادانە چەکدارییەکانی نێوان هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم و بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی لە ناوچەی «چەشمە زیارەت»ی زاهێدان، هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم کوژرانی سەرهەنگ «نوسرەت ئیفتخاری»، جێگری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی فەرماندەیی پۆلیسی ڕێژیم لە سیستان و بەلووچستان و «ئێحسان دێهمەردە»، یەکێک لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمیان پشتڕاست کردەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی حاڵوش، کاروانێکی هێزە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ناوچەی چەشمە زیارەتی زاهێدان لە ڕێگەی دانانی بۆمبی چێندراوی سەر ڕێگا، تەقێندرایەوە. لە ئەنجامی ئەم تەقینەوەیەدا، سەرهەنگێکی ژن بە ناوی نوسرەت ئیفتخاری و ئێحسان دێهمەردە کوژراون.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی حاڵوش، دوێنێ هەینی ۱۷ی ڕەزبەری ١٤٠٥، هاووڵاتییەکی بەلووچ بە ناوی عەبدوڵڵا قەنبەرزەهی، خەڵکی ناوچەی دوومەگ سەر بە شاری زاهێدان، بەهۆی تەقەی هێزەکانی ڕێژیمەوە لەو پێکدادانەدا گیانی لەدەست دا.
بەپێی زانیارییەکانی حاڵوەش، پێکدادان لە نێوان هەردوولا تا ماوەیەکی زۆر بەردەوام بووە و تا ئێستا زانیاریی ورد لەسەر ئاماری کوژراوان و بریندارانی ئەم پێکدادانە و هەروەها وردەکاریی زیاتر بەدەست نەهاتووە.
«بەرەی خەباتگێڕانیی خەڵکی» بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بەرپرسیاریەتیی هێرشی چەکدارانەی ناوچەی «چەشمە زیارەت»ی لە ئەستۆ گرت.