کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرانا: کۆماری ئیسلامی لە ساڵێکدا زیاتر لە دوو هەزار کەسی لە سێدارە داوە

11:46 - 18 رەزبەر 2726

کۆمەڵەی چالاکوانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هێرانا) لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارە (۱۰ی ئۆکتۆبر) ئاشکرای کرد کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا (ئۆکتۆبری ۲۰۲۵ تا ئۆکتۆبری ۲۰۲۶)، لانیکەم دوو هەزار و ۳ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ خولی پێشووتر ڕێژەی ٢٩٪ زیادی کردووە و بەرزترین ئاستی تۆمارکراوی سێدارەیە لە ۱۰ خولی ڕاپۆرتدانی ئەم ڕێکخراوەدا.

بەپێی زانیارییە وردەکانی هێرانا، لەنێو سێدارەدراواندا ٤٧ ژن و ٤ منداڵ (کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوان لە خوار ۱۸ ساڵییەوە بوون) هەن؛ هەروەها ٩ کەس لە بەرچاوی خەڵکەوە لە سێدارە دراون.

لە ڕووی تۆمەتەکانەوە، ٥٧.٥٦٪ی سێدارەکان پەیوەندیدار بە تاوانی کوشتن و ٣٦.٢٥٪یان پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان بوون؛ لەکاتێکدا ۶۹ کەس بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنییەتی لە سێدارە دراون کە ۳۵ کەسیان دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ بوون.

لە ڕووی دابەشبوونی جوغرافییەوە، پارێزگاکانی خۆراسانی ڕەزەوی (۲۰۰ حاڵەت)، ئێسفەهان (۱۶۴ حاڵەت) و ئەلبورز (۱۲۳ حاڵەت) بەرزترین ئاماری سێدارەدانیان تێدا تۆمار کراوە و بەندیخانەکانی "دەستگردی ئێسفەهان" (۱۲۰ سێدارە)، "عادڵئابادی شیراز" (۱۱۸ سێدارە) و "قزڵحەساری کەرەج" (۹۱ سێدارە) لە سەرووی لیستەکەوەن.

ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە ٩٥٪ی سێدارەدانەکان بە نهێنی و بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی جێبەجێ کراون.

هەروەها تۆمارکردنی ۳۶۹ دانپێدانانی زۆرەملێی تلویزیۆنی سەلمێنەری ئەوەیە کە دەزگای بەناو دادوەری و ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ڕێگەی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی، سێدارەدانی نمایشی و بێبەشکردنی تۆمەتباران لە پارێزەری سەربەخۆ، دانپێدانانیان لێ وەرگرتوون تا وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکاری بەکاری بێنن.

جێبەجێکردنی سزای سێدارە بۆ تاوانێک کە لە خوار ۱۸ ساڵییەوە ئەنجام درابێت یان لە دوای دادگاییپێکردنی بێبەڵگە و نادادپەروەرانە بێت، پێشێلکاریی ڕاستەوخۆی ماددەی شەشەمی "پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان"ـە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران واژۆی کردووە.

لە وڵامی ئەم شەپۆلەدا، ٤٦ وڵاتی جیهان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیادبوونی سێدارەکان و بێبەشکردنی ناڕازییان لە مافی ژیانیان بەتوندترین شێوە مەحکووم کرد و داوای ڕاگرتنی بەپەلە و سەرجەم حوکمەکانی سێدارەیان لە ئێران کرد.