کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەسەر سەپاندنی سزای سێدارە بەبیانووی چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

11:52 - 18 رەزبەر 2726

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران نیگەرانیی قووڵی لەسەر سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر "نەجمە ئەمینی"، خوێندکاری تەمەن ۲۳ ساڵ بەبیانووی چالاکیی ڕەخنەگرانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەربڕی و ئەم بڕیارەی بە "پەرەسەندنێکی زۆر مەترسیدار" وەسف کرد.

دادگای تاوانەکانی خۆراسانی ڕەزەوی بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن بە پیرۆزییەکان" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، سزای سێدارەی بەسەر نەجمە ئەمینیدا سەپاندووە کە خوێندکاری ژمێریارییە و لە بەندیخانەی وەکێڵ ئابادی مەشهەد ڕاگیراوە.

ناوبراو لە ۱۱ی بەفرانباری ۱۴۰۴دا بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا و لە دۆسییەیەکی دیکەشدا بە تۆمەتی "چالاکی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی و ڕێکلام دژی کۆماری ئیسلامی" سزای زیاتر لە ۱۲ ساڵ و شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرا.

مەحموود ئەمیری موقەددەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە جەختی کردەوە کە دادگاییکردنی کچێکی لاو بەهۆی دەربڕینی ڕای خۆی لە سۆشیاڵ میدیا، درێژەپێدانی سیاسەتی بێدەنگکردنی ڕەخنەگرانە لە ڕێگەی دروستکردنی ترسە.

سەپاندنی ئەم سزایە لەکاتێکدایە کە ڕیپۆرتێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سێدارە لە جیهاندا دەزانن.

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارە، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ سەرکوتکردنی خوێناوی ناڕازییان و بەکارهێنانی سێدارە دژی چالاکوانانی مەدەنی و دیجیتاڵی بە بەڵگەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی زانی و داوای ڕاگرتنی بەپەلەی ئەم سزایانەیان کرد.