کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بلۆمبێرگ: ڕووسیە لە هەوڵدایە هاوکارییە مووشەکییەکانی لەگەل ڕێژیمی ئێران پەرە پێ بدات

11:54 - 18 رەزبەر 2726

سەرەڕای نکۆڵیی ڕووسیە لە یارمەتیی سەربازیی ڕێژیمی تاران لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل، بلۆمبێرگ لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە ڕووسیە لە هەوڵدایە مووشەک بۆ ئێران دابین بکات؛ بابەتێک کە لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ڕاپۆرتە جیاکاندا لە مانگی جۆزەردان سەبارەت بە زیادبوونی بەرهەمهێنانی چەکە نوێیەکانی ڕووسیە و ناردنیان بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی یەک دەگرێتەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی بلۆمبێرگ، بە پشتبەستن بە زانیاریی بەرپرسانی ڕۆژاوایی، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوکاریی ڕووسیە توانیویەتی کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و دڕۆنی خۆی بپارێزێت.

بلۆمبێرگ پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا لە ٢٢ی جۆزەردانی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە کۆماری ئیسلامی چەکە نوێیە ‌دروستکراوەکانی ڕووسیەی بەدەست هێناوە و لە ڕەوتی ئاگربەستدا، بەشێکی گەورە لە توانا مووشەکییەکەی نۆژەن کردووەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتریش ڕۆژنامەی "فاینانشاڵ تایمز" ئاشکرای کرد، ڕووسیە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نهێنیدا بۆ پەرەپێدانی مووشەکێکی کرووزی پێشکەوتووی هایپێرسۆنیک هاوکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات کە دەتوانێت ببێتە مەترسی بۆ سەر کەشتییە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.

ڕۆژنامەی "واشنگتۆن ‌پۆست" لە شیکارییەکدا ڕایگەیاندبوو کە چین و ڕووسیە بە پێشکەشکردنی هاوکاریی سەربازی، دابینکردنی ماددەی شیمیایی و زانیاریی سیخوڕی، ڕۆڵێکی سەرەکییان لە بەردەوامی و خۆڕاگریی ماشینی جەنگیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەبووە و ڕووسیە لە ڕێگەی ڕادەستکردنی تێکنۆلۆژیی دڕۆن و دابینکردنی وێنەی ماهوارە، توانای هێرشبەریی کۆماری ئیسلامیی بەرانبەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەهێز کردووە.

ئەم هاوکارییانە لەکاتێکدایە کە دوای هێرشەکانی دوایی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران، مۆسکۆ ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی تەنیا پشتیوانیی سیاسیی خۆی بۆ تاران دەربڕیوە و لە بواری سەربازی و چەکوچۆڵییەوە هاوکاریی نەکردووە.