کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فراوانبوونی سزاکانی ئەمریکا لە دژی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی؛ ئورووپا پشتیوانیی لە چالاکیی دادگاکە کرد

11:56 - 18 رەزبەر 2726

لەو ڕۆژەدا کە "ناوی پیلای"، براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتیی ساڵی ٢٠٢٦، هۆشداریی لەبارەی «گوشار و هەڕەشەی پەرەسەندوو لە دژی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی» دا، ئەمریکا سزا و سنووردارکردنەکانی خۆی بۆ سەر ئەم ناوەندە دادوەرییەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان فراوانتر کرد.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕەزبەر، چەند کاتژمێرێک پاش دیاریکردنی براوەی خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، جارێکی تر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی نییە و لە بنەڕەتیشەوە قەبووڵی ناکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەکەیدا جەختی کردووەتەوە کە دەوڵەتی وڵاتەکەی بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ، هەرگیز ڕێگە نادات ئەم دادگایەی کە «یاخییە»، «هاووڵاتییان و سەربازانی ئەمریکایی و داکۆکیکەرانی ئەم وڵاتە بخاتە ژێر بەدواداچوونەوە».

 مارکۆ ڕوبیۆ بە ئاماژەکردن بە سزادانی ١٧ کەس لە دادوەرە باڵاکانی ئەم دادگایە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، هۆشداریی داوە کە سزا بەرفراوانەکان کە ئەمڕۆ ڕاگەیەندراون، دەکرێت «خشت بە خشت» تا لەناوچوونی تەواوی ئەم ناوەندە بەردەوام ببن.

بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەلایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئەم وڵاتەوە خرایەوە ژێر کۆمەڵێک سزای ١٨٠ڕۆژەوە؛ لەوانە لە بواری خزمەتگوزارییە کارگێڕییەکان، نەرمەئامێری و چارەسەرکردنی، سندووقی خانەنشینکراوی کارمەندان و چالاکییە پەیوەندیدارەکان بە دەسبەسەرکراوانی ئەم دادگایەوە.

کەمتر لە ساڵێک پێش ئێستا، ئەمریکا دوو دادوەر و دوو جێگری داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سزا دابوو و ڕوبیۆ لەو ڕۆژەدا ڕایگەیاندبوو کە ئەم هەنگاوە «لە وڵامی هەڕەشەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە دژی ئەمریکییەکان و ئیسرائیلییەکان» ئەنجام دراوە.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی بە «سیاسەتکاری، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و پشتگوێخستنی سەروەریی نیشتمانیی ئەمریکا» تۆمەتبار کردبوو.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠٠٢ دامەزرا و بەرپرسیارە لە لێکۆڵینەوە لە بابەتی وەکو تاوانەکانی جەنگ، تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی.