کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: کۆماری ئیسلامی یان دەبێت تەواوی داواکارییەکانمان جێبەجێ بکات یان لەنێو دەچێت

12:03 - 18 رەزبەر 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، هەڕەشەیەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی هۆرمۆزی کردووە و جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی قەیرانێکی ئابووریی قووڵ بووەتەوە و هۆشداریی دا کە یان دەبێت سەرجەم مەرجەکانی واشنگتۆن قەبووڵ بکات یان ڕووبەڕووی لەنێوچوونی یەکجاری دەبێتەوە.

ترامپ ئاماژەی بەوە دا کە بە هۆی هێزەکانی ئەرتەشی ئەمریکاوە، ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز بە تەواوی دەستەبەر کراوە و لە ئێستادا ئاستی هەناردەکردنی نەوت لەم ڕێڕەوەدا لە سەردەمی پێش دەستپێکردنی گرژییە سەربازییەکان زیاتر بووە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە ڕووسیە ڕۆژی هەینی ڕەزامەندیی لەسەر ناردنی چەندین میلیۆن بەرمیل سووتەمەنیی گازۆئیل بۆ ئەمریکا دەربڕیوە و جەختی کردەوە کە گازۆئیل ئەو شتەیە کە بەڕاستی پێویستمان پێیەتی.

سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بە ڕەوشی نێوخۆیی ئێران کرد و وتی: "کۆماری ئیسلامی لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، ڕێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە ٣٠١٪، توانای ئابوورییان نەماوە و تەنانەت ناتوانن مووچەی هێزە سەربازی و ئەمنییەتییەکانیان دابین بکەن."

ترامپ جەختی کردەوە کە واشنگتۆن تواناکانی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی تێکشکاندووە و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

ئەم لێدوانانەی سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ئامادەیی سەربازیی واشنگتۆن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەی کەنداو گەیشتووەتە بەرزترین ئاست.

ئامانجی سەرەکیی ئەمریکا بریتییە لە بێبەشکردنی ئێران لە چەکی ئەتۆمی و ڕێگریکردن لە هەڕەشەکانی ڕێژیمی تاران بۆ سەر ئەمنییەتی ناوچەکە و ئابووریی جیهان.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی سەختترین قەیرانی ئابووری و ناڕەزایەتیی نێوخۆیی تێدەپەڕێنێت و گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر پێکهاتەی ئابووری و سەربازییەکانی گەیشتوونەتە لووتکە.