کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری دەسبەسەرداگرتنی یەک میلیارد دۆلار دراوی دیجیتاڵیی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە

12:16 - 18 رەزبەر 2726

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا ئەگەری هەیە هەر ئەم حەفتەیە دەست بەسەر یەک میلیارد دۆلار دراوی دیجیتاڵیی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بگرێت.

بێسێنت جەختی کردەوە کە هەڵمەتی "سەپاندنی گۆشەگیرکردنی ئابووری" دژی تاران سەرکەوتوو بووە و زۆر بەرفراوانتر لە سزاکانی ڕابردوو و بڕینی ناردنی نەوت پەرەی سەندووە.

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا کە واشنگتۆن جگه لە گەمارۆی دەریایی و سزادانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران کە بووەتە هۆی بڕینی گەشتە نێودەوڵەتییەکانیان، ئێستا سەرمایە داراییەکانی دەرەوەی سیستەمی بانکیی نەریتیشی کردووەتە ئامانج.

بێسێنت ڕایگەیاند: "ئێمە شوێنی ئەم سەرمایانە دەزانین و ڕێگەکانی دەستگەیشتنیان لێ دەبەستین."

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا بە گاڵتەجاڕییەوە ئاماژەی بە گەشتی دەرەوەی بەرپرسانی ئێران کرد و وتی: "ئەندامانی سپای پاسداران ئیتر ناتوانن بچنە دیداری پزیشکە جوانکارییان لە لەندەن، خۆشەویستەکانیان لە پاریس و سەرمایەکانیان لە ژنێڤ"؛ ئەوەشی زیاتر کرد کە "ئەگەر حەزیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، هەر لەوێ گیریان خواردووە بۆ ئەوەی چێژی لێ ببینن."

پەرەسەندنی سزاکان بۆ سەر دراوە دیجیتاڵییەکان لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری"دایە کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا جێبەجێی دەکات.

ئامانجی سەرەکیی ئەم ستراتێژییە بڕینی تەواوەتیی دەستگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکان، ڕێگەوبانەکانی گواستنەوە و سەرچاوە داراییەکانە تا ئەو کاتەی تاران بەتەواوی ڕەفتارەکانی دەگۆڕێت.