کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای قامچی و پێبژاردن بۆ کرێکارانی ناڕازیی پێترۆپارسی هۆوەیزە

12:26 - 18 رەزبەر 2726

سەرچاوە سەربەخۆکانی مافی مرۆڤ ئاشکرایان کرد کە دادگای تاوانەکانی هۆوەیزە سزای قامچی و پێبژاردنی بەسەر ژمارەیەک کرێکاری عەرەبی دەرکراوی شیرکەتی "پێترۆپارسی هۆوەیزە"دا سەپاندووە. ئەم کرێکارانە لە دژی نوێنەکردنەوەی گرێبەست و جێگرکردنی هێزی ناخۆجێیی لە شوێنەکانیان دەستیان بە ناڕەزایەتی کردبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "کاروون"، زیاتر لە ۱۰ کرێکاری پسپۆڕ لەلایەن دادگای تاوانەکانی هۆوەیزەوە بە تۆمەتی دروستکراوی "داخستنی ڕێگە" و "زیانگەیاندن بە شیرکەت"، هەر یەکەیان بە ۷٤ قامچی و ۲۰ میلیۆن تمەن پێبژاردن مەحکووم کراون.

ئەم کرێکارانە دوای سەرکوتکردنی کۆبوونەوەکەیان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

نوێنەرانی کرێکاران ئاماژەیان بەوە داوە کە لەجیاتی جێبەجێکردنی بەڵێنی گەڕانەوەیان بۆ سەر کار، دادگا سزای جەستەیی و دارایی بەسەردا سەپاندوون؛ بەم حاڵەشەوە ناڕازییان لە کۆبوونەوە بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانیان بەردەوامن.

شیرکەتی پێترۆپارس بەڕێوەبردنی بەشێکی کێڵگەی نەوتیی "ئازادگانی باشوور"ی لەئەستۆیە.

دەرکردنی هێزی کاری خۆجێیی عەرەب لە خووزستان بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی پیشەیی، کە دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لەجیاتی چارەسەرکردنی داواکارییەکان، بە سەرکوت و سەپاندنی سزای سەخت وڵامیان دەداتەوە.