لەم کاتەدا کە گرژییە دەریاییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و تاران هەڕەشەی کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە دەریاییەکان دەکات، ئاڵۆزییەکان لە گەرووی هۆرمۆز پەرەی سەند و چەندین ڕووداوی دەریایی لە ئاوەکانی باشووری ئێران تۆمار کراون.
لە دوایین پەرەسەندنیشدا، ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) ئاشکرای کرد کە کەشتییەکی دیکە لە گەرووی هۆرمۆز و لە نێوان ڕەئسولخەیمەی ئێمارات و دوورگەی ئەبوومووسادا، بە بەکارهێنانی هاوێژراوێکی نەناسراو پێکراوە و ئاگر لە کەشتییەکە کەوتووەتەوە.
سپای تێرۆریستیی پاسداران پێشتر بەرپرسیارییەتیی پەلاماردانی نەوتهەڵگرێکی گازی به ناوی "NV Sunshine"ی لە ئەستۆ گرتبوو و هۆشداریی دا کە هەر کەشتییەک بە ڕێگە پەسەندکراوەکانی تاراندا نەچێت، دەکرێتە ئامانج.
سەرەڕای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگری کەشتییە پێکراوەکە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی خەدەمەی کەشتییەکە بەدەست نەگەیشتووە.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا چڕتر کردووەتەوە و لە سەرەتای ئەم مانگە زایینییەوە تا ئێستا لانیکەم ۱۲ ڕووداوی دەریایی لە ئاوەکانی باشووری ئێران تۆمار کراون.
پەرەسەندنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ئەمنییەتی دەریایی و هێڵەکانی گواستنەوەی وزە.