ئەم ڕاپۆرتە تایبەتە بە ئاماری دەسبەسەرکردن، دەرکردنی حوکم و لەسێدارەدانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مانگی سێپتامبری ٢٠٢٦ی زایینی (لە ١٠ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی تا ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی)، کە لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە تۆمار کراون.
سەرچاوە: ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان / ئامادەکردنەوە: کوردستان میدیا
لە ماوەی ئەم مانگەدا، ٧١ کەس (٦٥ پیاو و ٦ ژن) لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکیی مەدەنی، دژایەتیکردنی دەسەڵات، هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی دەسبەسەر کراون و ڕەوانەی گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات کراون.
بەشێک لە دەسبەسەرکراوان دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان بە بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کراون، بەشێکی دیکەیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و چارەنووسیان ناڕوونە، هەروەها ٣ کەسیش لەسێدارە دراون.
ـ ئاماری دەسبەسەرکراوان بەپێی پارێزگاکان:
• پارێزگای سنە: ٣٩ کەس (٤ ژن / ٣٥ پیاو) — ٥٤.٩٢%ی سەرجەمی دەسبەسەرکراوان
• پارێزگای ورمێ: ٢٨ کەس (٢ ژن / ٢٦ پیاو) — ٣٩.٤٣%ی سەرجەمی دەسبەسەرکراوان
• پارێزگای کرماشان: ٣ کەس (٣ پیاو) — ٤.٢٢%ی سەرجەمی دەسبەسەرکراوان
• پارێزگای خوراسان: ١ کەس (١ پیاو) — ١.٤٠%ی سەرجەمی دەسبەسەرکراوان
• سەرجەم: ٧١ کەس (٦ ژن / ٦٥ پیاو) — ١٠٠%
ـ دابەشبوونی دەسبەسەرکراوان بەپێی شارەکان:
• کامێران: ١٠ کەس
• شنۆ و مەریوان: ٩ کەس لە هەرکامەیان
• مەهاباد: ٨ کەس
• سنە: ٧ کەس
• سەقز و ورمێ: ٥ کەس لە هەرکامەیان
• جوانڕۆ و دیواندەرە: ٣ کەس لە هەرکامەیان
• بانە، بۆکان، پیرانشار و تیکاب: ٢ کەس لە هەرکامەیان
• خوراسان، قوروە، میاندواو و نەغەدە: ١ کەس لە هەرکامەیان
ـ سەپاندنی حوکم و جۆری تۆمەتەکان:
لە ماوەی ئەم مانگەدا ٩ کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لەلایەن دادگاکانی ئینقلاب و کەیفەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی بەندکردن، قامچی، دوورخستنەوە و سزادانی نەختییان بەسەردا سەپێندراوە.
جۆری تۆمەتەکان:
• پرۆپاگەندە دژی ڕێژیم
• بەشداری لە خۆپیشاندانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی
• چالاکی لە سۆشیالمیدیا
• تێکدانی ئاسایشی گشتی
• ئەندامبوون لە حیزبە کوردستانییەکان
• بێبەشبوون لە ئەندامبوون لە گرووپ و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان
کۆی گشتیی حوکمە سەپێندراوەکان:
٤٢ ساڵ و ٢ مانگ و ١ ڕۆژ بەندکردن، لێدانی ٣١ قامچی، ٢ ساڵ دوورخستنەوە، ٢ ساڵ هەڵپەساردن و ٥ ملیۆن تمەن پێبژاردنی نەختی.
وردەکاریی جۆری سزاکان (بەپێی ژمارەی کەس):
(تێبینی: هەندێک لە سزادراوەکان زیاتر لە جۆرێک سزایان بەسەردا سەپێندراوە)
• بەشداری لە خۆپیشاندانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤: ٢ کەس
• پرۆپاگەندە دژ بە ڕێژیم: ٤ کەس
• ئاژاوەگێڕی و ئەندامبوون لە حیزبە کوردستانییەکان: ٢ کەس
• تێکدانی ئاسایشی گشتی: ١ کەس
• دوورخستنەوە لە شوێنی نیشتەجێبوون: ٢ ساڵ (١ کەس)
• لێدانی قامچی: ٣١ قامچی (١ کەس)
• پێبژاردنی نەختی: ٥ ملیۆن تمەن (١ کەس)
• هەڵپەساردن لە کار: ٢ ساڵ (١ کەس)
• قەدەغەکردنی نیشتەجێبوون لە شاری تاران: ٢ ساڵ (١ کەس)
• بێبەشبوون لە ئەندامبوون لە گرووپ و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان: ١ کەس
ـ ئاماری حوکمدراوان بەپێی پارێزگاکان:
• پارێزگای سنە: ٤ کەس (٤ پیاو)
• پارێزگای ورمێ: ٣ کەس (٣ پیاو)
• پارێزگای کرماشان: ٢ کەس (٢ پیاو)
ـ تێبینیی کۆتایی و ئاماری لەسێدارەدان:
سێ لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی لە شارەکانی ئیسفەهان و مەشهەد سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە و حوکمەکەیان جێبەجێ کراوە.
بە گشتی لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٥ی هەتاوی تا ئێستا (کە دەکاتە شەش مانگی ڕابردوو)، ٤٤ کەس لە بەندکراوانی سیاسی لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان لەسەر جێبەجێ کراوە.