کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتێک ئەمریکا دەکشێتەوە

12:40 - 18 رەزبەر 2726

ئێکۆنۆمیست

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور

بۆ ماوەی دەیان ساڵ ئەمریکا خاوەن هێژمۆنی بەسەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بوو. ئەم دۆخە خەریکی کۆتاییهاتنە.

وێدەچێ ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گیری خواردبێت. ئەو هیچ ڕێگایەکی ساکاری بۆ دەربازبوون لە جەنگی دژی ئێران نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، کێشەکە، هەر جۆرێک کۆتایی بێت، لە ڕاستیدا شتێکی تەواو جیاواز پیشان دەدات: لەگەڵ کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەمە بەو مانایەیە کە دواجار ئەمریکا دەستبەرداری هێژمۆنی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت. بۆ یەکەم جار دوای پارچەپارچەکردنی ئیمپراتۆریی عوسمانی لەلایەن زلهێزانەوە، پاش یەک سەدە، پەرگالی گشتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست چیدیکە لە دوورەوە ناسەپێنرێت. ئاخۆ ئەمە دەبێتە هۆی دەستپێکی پاکانە حیساب و زاڵبوونی توندوتیژی، یان دەستپێکێکی نوێ؟

لە جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، شوێنی لەدایکبوونی سێ ئایینی مەزنی تاکخودایی دنیا بەدەست نەهامەتیی یەک لەدوای یەکەوە ناڵاندوویەتی. عەڕەبەکان کە شانبەشانی لایەنی براوە جەنگابوون، هەستیان بە خیانەت لێکران کرد کاتێک بریتانیا دەستی بەسەر عێراق، ئۆردون و فەلەستیندا گرت و فەڕانسە کۆنتڕۆڵی سووریە و لوبنانی بەدەستەوە گرت. ڕێبەرە ناسیۆنالیستەکان، وەک جەمال عەبدولناسری میسر، دواتر کەوتنە ژێر سێحری ماڵوێرانکەری سیاسەتی ئابووریی یەکێتیی سۆڤیەت. پێشێلکارییە سەرسوڕهێنەرەکانی دیکتاتۆری وەک سەددام حوسێن دژی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق و حافز ئەسەدی سووریە هاووێنەکەی تەنیا لەلایەن توندوتیژییە بنئاژۆخوازانەکەی جیهادییەکانەوە ئەنجام درا کە بەهۆی دەسەڵاتی سادیستی ئەوانەوە گەشەیان کردبوو.

پاش سێ جەنگ، ڕێژەیەکی لەئەژمارنەهاتوو ئۆپەراسیۆنی نهێنی و دیپلۆماسیی بێکۆتایی، هەوڵی ئەمریکا بۆ سەپاندنی نەخشەکانی، گەیشتوونەتە کۆتایی. وەکوو بریتانیا، فەڕانسە و ڕووسیە، ئەمریکا لە داهاتووشدا بەردەوام تێوەدەگلێت. ئەو هێندێک جار هێزی سەربازی بۆ جێبەجێکردنی بەرژەوەندییەکانی بەکار دێنێت، لەنێویاندا بۆ بەرپەرچدانەوە دژی تێرۆریزم. بەڵام ئەمریکا واز لە گێڕانی دەوری مێعمار دەهێنێت.

نیشانەکانی کشانەوەی ئەمریکا بەمزووانە جێگای هیچ گومانێک ناهێڵنەوە، تەنانەت سەرۆک کۆمار دۆناڵد ترامپ کەڵکی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرت تا هەڕەشەی "لەنێوبردن"ی ئێران کە بووەتە بنێشتەخۆشکە، دووپات بکاتەوە. دوو نیشانە ئاشکراترن. لە سەرەتای ئەم مانگە ئەمریکا خۆی لە بەشداربوون لە هێرشی هاوبەشی عەڕەبستانی سعوودی بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن بوارد، کە هەڕەشە لە کەشتیوانی لە دەریای سوور دەکەن. لەجیاتی ئەوە بەدزیی سعوودییەکانەوە خەریکی وتووێژ لەگەڵ حوسییەکان بوو بۆ ئەوەی پاپۆڕە ئەمریکاییەکان لە هێرشکردن بۆ سەریان بپارێزێت. ڕەنگبێ ئەمە وەک شتێکی بێنرخ بێتە بەرچاو، بەڵام کاتێک زلهێزێک لەگەڵ میلیشیایەکی یاخیبوو ڕێکدەکەوێت، هەموو کەس تێدەگات کە ئەم زلهێزە بەتەمای کەمکردنەوەی ئەرک وەئەستۆگرتنەکانیەتی.

نیشانەی دووهەم چاوەڕوانیی کەمکردنەوەی بوونی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. لە کاتی ئاشتیدا ئەمریکا لە نێوان سی هەزار بۆ چل هەزار هێزی لە ١٩ بنکەدا ڕاگرتووە، کە هەشتیان هەمیشەیین. بەڵام، جەنگ ئاشکرای کردووە ئەم هێزانە چەندە لە بەرانبەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەکاندا قابیلی زیانپێگەیشتنن. بۆیە ئەمریکا ناچار بووە پشت بە پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگر و بنکەکەی لە ئۆقیانووسی ئارام، دییەگۆ گارسیا ببەستێت. هێندێک پسپۆڕ دەڵێن ئەمریکا دەبوو هێزەکانی لە چەند شوێن وەک، ئیسڕائیل و ئۆردون کۆ بکاتەوە.

ئەمە لەگەڵ ڕێکخستنەوەی بەرفراوانی دووبارە یەک دەگرێتەوە کە ئێن بی سی ئەم مانگە ئاماژەی پێکرد، کە لە نێوان بیست هەزار بۆ چل هەزار کەس لە هێزی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئورووپا دەکشێنرێنەوە. بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ جەخت لەسەر ئەمریکاییەکان دەکاتەوە. پسپۆڕانی ئەمنییەتی دەیانهەوێت ئەمریکا بۆ ڕکابەریی پەرەئەستێن لەلایەن چینەوە پۆشتە بکەن کە، وەک لە دیداری ئەم حەوتوویەی ترامپ-شی دەرکەوت، ئەم دوو وڵاتە لە نێوان پێکەوەژیانی بەپارێزەوە و دوژمنکاریی ئاشکرادا لە هاتوچۆدان. هیچکام لەم ئامانجانە بە جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناپێکرێن کە دەبنە هۆی بەتاڵبوونی جبەخانەکانی چەکوچۆڵی وڵاتە یەکگرتووەکان و دوورکەوتنەوەی هێزەکانی لە ئاسیا.

و بە کام مەبەست؟ هەتا ٢٠٢٠ وڵاتە یەکگرتووەکان هاوردەکاری نەوت بوو؛ ئەمڕۆ ئەو هەناردەکارێکی زەبەلاحە. بە پێچەوانە، چین، بووەتە مەزنترین کڕیاری بەرهەمهێنەرانی وزەی کەنداو و، کاناڵی سوئێز دەروازەی گواستنەوەی شتومەکی چین بۆ بازاڕەکانی ئورووپایە. ئەمە چین دەکاتە لایەنێک کە زۆرترین سوود لە سیاسەتەکانی ئەمریکا ببینێت. بەڵام وێناچێت بیهەوێ ببێتە لایەنی خاوەن هێژمۆنی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە کاتێکدا دیتوویەتی بە تریلیۆنان دۆڵار و هەزاران گیانی ئەمریکایی بوونەتە تێچووی ئەم ئیمتیازە.

لەجیاتی ئەوە، سێ وڵاتی ئەم ناوچەیە قورسایی ئەوتۆیان هەیە کە بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە و، هیچکامیان عەڕەب نین (بڕوانە بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست & ئەفریقا). لە هەموویان ترسناکتر ئێرانە. بێتوو ڕێژیمی ئێران بڕووخێت، ئەم پێگەیەی نامێنێت کە دەسەڵاتە خراپەکەی بەسەر عێراق، سووریە و لوبنانەوە بپارێزێت. بێتوو، کە ئەمەیان ڕێی تێدەچێت، بمێنێتەوە، هەوڵ دەدات کرێی کۆنتڕۆڵی گەرووی هۆرمز بستێنێت و وڵاتانی کەنداو ئازار بدات کە هەر ئێستا لە ماوەی جەنگدا هێرشی کردووەتە سەریان. ئەو هەروەها هەوڵ دەدات میلیشیاکانی لە دەرەوەی وڵات بەهێز بکاتەوە. ئێران هەروەها ڕەنگبێ کارەکانی بۆ چەکی ناوکی دەست پێبکاتەوە، کە ئەمە بێگومان هێڵی سووری ئەمریکا دەمێنێتەوە. لە هەموو ئەمانەدا، ڕەنگبێ ڕووسیە پشتگیریی ئێران بکات.

دووهەم خاوەن هێزی ناوچەکە تورکیەیە، کە بە بێدەنگی خۆی لە وڵاتانی عەڕەب نزیک کردووەتەوە. ئەو بووەتە پشتیوانی سەرەکیی دەوڵەتی سووریە. لە عێراق، خەریکی کار لەسەر ڕێگا بازرگانییەکان، دابینکردنی ئاو و بەربەرەکانی لەگەڵ جیاییخوازانی کوردە. مانگی ڕابردوو تورکیە لەگەڵ پاکستان ڕێککەوتنێکی لەگەڵ عەڕەبستانی سعوودی واژۆ کرد. ئەگەرچی ئەو دەمڕاستی ئیخوانئەلموسلمینە، بەڵام تورکیە لەمە پراگماتیستترە و هەوڵ دەدات کڕیار بۆ کۆمپانیاکانی پیشەسازیی بەرگری و بیناسازییەکانی بدۆزێتەوە.

لایەنی سێهەم ئیسڕائیلە، کە هێزی خاوەن دەسەڵاتی سەربازی و هەواڵگرییە. پاش کارەساتی حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، ئەو خۆی وەک سپارتای مودێڕن سەیر دەکات و دەیهەوێ هەر جۆرە تواناییەک لەنێو ببات کە وەک هەڕەشە بۆ سەر خۆی سەیری دەکات. لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئابراهامدا، ئەو پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی دامەزراندووە، تەنانەت کاتێک کە ئاسۆی ڕێککەوتنێک لەگەڵ فەلەستینییەکان کاڵ بووەتەوە.

ئەم سێ وڵاتە وێناچێ لە شوێنێکدا بەیەکەوە هەڵبکەن. ئیسڕائیل و تورکیە هەر ئێستا لە سووریە لەگەڵ یەکتر کێشەیان هەیە. ئیسڕائیل و ئێران هێشتا بەهۆی شەڕەوە پاکانە حیسابیان لەگەڵ یەکتر نەکردووە. ئێران و تورکیە ڕکابەری فرە کۆنی سەردەمی ئیمپراتۆریین.

دۆڕاوەکان وڵاتانی عەڕەبن. وڵاتانی وەک عێراق و سووریە هێشتا بەدەست ئاسەوارەکانی شەڕی نێوخۆوە دەناڵێنن. میسر، کە سەردەمێک ڕێبەری سروشتیی دنیای عەڕەب بوو، هەموو هەوڵ و وزەی خۆی بۆ گەندەڵی و تێکشکاندنی ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆیی تەرخان کردووە. سیستەمە پاشاییەکانی کەنداو باوەشیان بۆ بەرنامەی خۆشبژیوی ئاواڵا کردووە کە بەتەمای خەواندنی ئایدیۆلۆژی بە گەشەی ئابوورین. ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام مۆدێلی بازرگانیی ئەوان بە ئاسایشی دابینکراو لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانەوە بەستراوەتەوە. ڕکابەریی قەتەری فرە دەوڵەمەند لەگەڵ عەڕەبستانی سعوودی و ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی ئاکامێکی بێجگە لە ناسەقامگیری نابێت، ڕەنگبێ دیاریی ماڵئاوایی ئەمریکا یارمەتیدان بە کۆکردنەوەیان بۆ کاری هاوبەش بێت.

عەڕەبەکان ماوەیەکی دوور و درێژە خەون بە گەڕانەوە بۆ سەردەمی شکۆمەندی دەبینن، ئەو کاتەی کە چەند سەدە لەوەپێش ناوەندی زانست و فێربوون بوون. کشانەوەی ئەمریکا خەریکە ئەو دەرفەتەیان بۆ دەستەبەر بکات. بەڵام دوای کشانەوەی هەر لایەکی خاوەن هێژمۆنی، بێهیوایی و کاردانەوەی بێئەنقەستی لەپاش خۆی بەجێهێشتووە. ئێستا نەفرەتی قووڵ و حساباتی ناتەواو لە ناوچەکەدا لە ئارادان. ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕێگایەکی دوور و درێژی بۆ سەلماندنی هەڵەی چاودێرانی بێ‌متمانە لەپێشە.

تێبینی: ئەم وتارە دەربڕی بیروڕای نووسەرەکەیەتی و لە چوارچێوەی ئاشنابوون بە ڕوانگە جیاوازەکاندا وەرگێڕدراوە و بڵاو دەکرێتەوە.

سەرچاوە:

https://www.economist.com/leaders/2026/09/24/when-america-walks-away