لەم کاتەدا کە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان گوشاریان لەسەر ژێرخانی ئابووریی تاران توندتر کردووەتەوە، بانکی ناوەندیی ڕێژیم ئاشکرای کرد کە بەرهەمی نێوخۆیی ئێران لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا بە ڕێژەی ۱۲.۱ لەسەد دەبەزیوە.
بەپێی تازەترین ئاماری بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی، ئابووریی ئێران لە وەرزی بەهاردا تووشی داڕمانی بەرچاو بووە. ئەم ئامارە لەکاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە پێشتر ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی بچووکبوونەوەی ئابووریی وڵاتەکەی لەو وەرزەدا بە ۱۰.۱ لەسەد ڕاگەیاندبوو.
ئامارەکان نیشان دەدەن کە دابەزینی بەرهەمهێنانی نەوت، سستبوونی کەرتی پیشەسازی و کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، سەرەکیترین هۆکارەکانی ئەم دابەزینە بەرچاوەی ئابوورین.
لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ڕێژەی بچووکبوونەوەکە لە مانگی پووشپەڕدا بەهۆی باشتربوونی ڕێژەییی هەندێک لە کەرتە پیشەیییەکان بۆ نەرێنی(مەنفی) ۵.۶ لەسەد دابەزیوە، بەڵام کەرتەکانی خزمەتگوزاری، پیشەسازی و نەوت هێشتا لەژێر گوشاری قورسدان.
بەهای زیادکراوی بەشی خزمەتگوزاری ۴.۲ لەسەد، لە کەرتی پیشەسازی و کانزا ۱۲.۲ لەسەد و لە بەشی نەوتیشدا ۱۰ لەسەد دابەزیوە.
لە بەرانبەردا، کەرتی کشتوکاڵ تەنیا بەشێک بوو کە گەشەیەکی بە ڕێژەی ۶ لەسەد تۆمار کرد، بەڵام ئەمەش نەیتوانی کاریگەریی لەسەر کۆی گشتیی بەرهەمی نێوخۆیی هەبێت.
ئەم دابەزینە قووڵە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە گەمارۆ دەریاییەکان، دابەزینی هەناردەی نەوت (کە بەرهەمی ڕۆژانەی بۆ دەوروبەری دوو میلیۆن بۆشکە دابەزیوە) و پەککەوتنی بازاڕی دراو و داڕمانی بەهای ڕیاڵەوە هەیە.
هەروەها، لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و قەیرانی کەمیی کارەبا و گاز، پێشبینی دەکرێت کەرتی پیشەسازی و بازاڕی نێوخۆیی لە مانگەکانی داهاتوودا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی نوێی داڕمان و گوشاری دارایی ببنەوە.