عەبدوڵڵا عەلیمی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، ئاماژەی بە شەڕی هێزەکانی باشووری وڵاتەکەی دژی حوسییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد و ڕایگەیاند خەڵکی یەمەن هیوایان بەو هێزانە بەستووە کە لە بەرەکانی شەڕدا ئامادەن بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حوسییەکان، گەڕاندنەوەی سەروەریی وڵاتەکەی و سەقامگیرکردنی ئارامی.
عەلیمی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە ئاراستەی هێزەکانی بەرەکانی شەڕی کردبوو، ڕایگەیاند: «خەڵک هیوایان بە ئێوە و هەموو وڵاتپارێزان بەستووە تاکوو بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و ورەیەک کە گرووپە تێۆریستییەکان ناتوانن لاوازی بکەن، بۆ بەدیهێنانی خواستەکانیان لەپێناو کۆتاییهێنان بە کوودەتای حوسییەکان، گەڕاندنەوەی دەوڵەت و دەزگاکانی و دابینکردنی ئارامی و سەقامگیری هەنگاو بنێن».
هەروەها ناوبراو ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی باشووری یەمەن کرد بۆ ڕزگارکردنی بابولمەندب لە دەست حوسییەکان.
هەروەها ناوبراو وێڕای دەستخۆشی لە قوربانیدان و پێشڕەوییە سەرکەوتووانەی ئەو هێزانە، ئەوە هەنگاوەی بە درێژەپێدانی شەڕەکانی پێشوویان بۆ ڕزگارکردنی عەدەن پایتەختی کاتیی یەمەن و شارەکانی تری باشوور و ڕووبەڕووبوونەوەی دەستێوەردانی ئاشکرای ئێران زانیوە.
گرووپی چەکداری تێرۆریستیی حوسییەکانی یەمەن بە پشتیوانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٤وە دەستیان بەسەر چەند ناوچەیەکی یەمەن لەوانەش سەنعای پێتەختی ئەو وڵاتەدا گرتووە و هەروەها هاوشێوەی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن سپای پاسدارانەوە، گەرووی بابۆلمەندەبی وەک کارتی گوشار لە دژی عەرەبستان و وزەی جیهانی بەکار هێناوە و لەو ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە خەریکی باجوەرگرتن و تاڵانکردنە.