هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پەلامارەکانی ئۆپەراسیۆنی «فەجری یەمەن»، ڕۆژی شەممەی ١٨ی ڕەزبەر، حکوومەتی یەمەن جارێکی تر داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و شۆرای ئەمنییەت کرد کە جێبەجێکردنی گەمارۆی چەکفرۆشیی سەپێنراو بەسەر چەکدارانی حوسیدا توندتر بکەنەوە.
حکوومەتی یەمەن نامەیەکی سەبارەت بە هێرشی چەکدارانی حوسی بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدەن لە ٧ی ئەم مانگەدا پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان و شۆرای ئەمنییەت کرد و داوای مەحکوومکردنی ئەم تاوانە، دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی و جێبەجێکردنی تەواو و کاریگەری گەمارۆی ناردنی چەک بۆ سەر ئەم چەکدارانەی کرد.
عەبدوڵڵا سەعدی، نوێنەری هەمیشەیی یەمەن لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە ئەم هێرشە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە بە بەکارهێنانی دوو مووشەکی بالستیک و دڕۆن ئەنجام دراوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، حکوومەتی یەمەن داوای لە شۆرای ئەمنییەت کرد ڕێوشوێن بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی چەک، کەرەستە، پارچە یەدەگ، تێکنۆلۆژی و پسپۆڕیی سەربازی بە حوسییەکان بگرێتەبەر ؛ ئەم ڕێوشوێنانە هاوتەریب بن لەگەڵ بڕیارە پەیوەندیدارەکانی شۆرای ئەمنییەت، بەتایبەت بڕیاری ژمارە ٢٢١٦ کە لە ساڵی ٢٠١٥ دەرچووە.
ئەم پەرەسەندنانە لەکاتێکدا ڕوو دەدەن کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی یەمەن بە ناوی «فەجری یەمەن» چووەتە ناو شەشەمین ڕۆژی خۆیەوە. هێزە حکوومییەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە کە کۆنتڕۆڵی تەواوی گەرووی ستراتێژیی بابولمەندب و دوورگەی میونیان بەدەستەوە گرتووە و پێگەکانی خۆیان لە بەرزاییەکانی سەر بەو ڕێڕەو نێودەوڵەتییە دەریاییەدا جێگیر کردووە.
ئەو داواکارییە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو تێچوویەکی ماددی و چەکوچۆڵی ئەو گرووپەی دابین کردووە و لە ناسەقامگیری و نائارامیی ناوچەکەدا ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە و پێشتریش بەرپرسانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن هۆشداریی توندیان بە ڕێژیمی ئێران دابوو کە بە پشتیوانیکردنی ئەو گرووپە تێرۆریستییە، دەستێوردان لە کاروباری ئەو وڵاتە دەکات.