سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، هەینی ١٠ی ڕەزبەر، بینای ناوەندی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شاری نوک ئاباد لەلایەن هێزێکی چەکداری نەناسراوەوە کرایە ئامانج و زیانی زۆری بەرکەوت.
مەڵپەڕی حاڵوەش، ڤیدیۆی پاش هێرشەکەی بۆ سەر بینای ناوەندی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بڵاو کردەوە کە تێیدا بەشێک لە شوێنەواری تەقەکردن و بەرکەوتنی فیشەک بە دەروازەی بیناکە نیشان دەدات.
لە ڕەوتی هێرشەکەدا، کەسانی چەکداری نەناسراو بە بەکارهێنانی چەکی گەرم، بینای ناوەندی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعاتیان کردووەتە ئامانج و سەرچاوە ناوخۆییەکانیش باسیان لەە ڕوودانی تەقینەوەیە کردووە.
تا ئێستا هیچ کەسێک یان گرووپێک بەرپرسیارێتیی ئەم هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ و ناسنامەی بکەران، ئامانجی هێرشەکە و ڕێژەی وردی زیانەکان و قوربانییەکان هێشتا ڕوون نییە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە لە تێکهەڵچوونێکی توندی چەکداریی نێوان هێزەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و هێزێکی چەکدار لە ناوچەی "مەنزڵ ئاب"ی زاهێدان، سێ چەکداری سپای تێرۆریستیی پاسداران کوژراون و ئەو هێزەی ڕێژیم بانگەشەی ئەوەی کردووە کە شەش ئەندامی «گرووپێکی چەکدار»ی لەم تێکهەڵچوونەدا کوشتووە.
ماڵپەڕی حاڵوەش ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە تێکهەڵچوونەکان لە دەوروبەری کاتژمێر شەشی بەیانییەوە دەستیان پێکردووە و دەنگی تەقەیەکی زۆر و هاویشتنی مووشەکی ئارپیجی لە ناوچەکەدا بیستراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، تێکهەڵچوونی نێوان هێزێکی چەکدار و هێزە بەناو ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیدا چەند کاتژمێرێکی خایاندووە.
لە حەفتەکانی ڕابردوودا، پارێزگای سیستان و بەلووچستان شایەتی چەندین تێکهەڵچوون بووە لە نێوان ئەو هێزە چەکدارانەدا و هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لەوانەش هێزەکانی فاتمیوون.
لە هەندێک حاڵەتدا، چەکداران هێرشیان کردووە سەر بنکەکان، بنکەی پۆلیس، ماشینی پۆلیسەکان و هەروەها بینای ناوەندە سەرکوتکارییەکانی ڕێژیم.
شایانی باسە زیاتر لە یەک مانگە تێکهەڵچوونە چەکدارییەکانی نێوان ئەو هێزە چەکدارانە و هێزە بکوژەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردووە و دەیان ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم یان کوژراون، یان بریندار بوون و هەروەها لە ئاکامی دەستدڕێژیی هێزەکانی ڕێژیم و هێرش بۆ سەر ماڵی خەڵکی ئاسایی چەندین هاووڵاتییی بەلووچ لە منداڵیشیان تێدایە، گیانیان لەدەست داوە و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون.