سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٨ی ڕەزبەر، سزای لەسێدارەدانی جابر خوسرەوی، خۆپیشاندەری ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی هێزی سەرکوتکەری پۆلیسی ڕێژیم لە شاری دامغان جێبەجێ کرا.
ئەکبەری، سەرۆکی گشتیی دادوەریی ڕێژیم لە پارێزگای سێمنان، لەمبارەیەوە ڕایگەیاندووە کە "ئەم تۆمەتبارە پێشتر لەسەر تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی هێزی پۆلیس لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو".
ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەندامی پۆلیسێکی ڕێژیم بە ناوی محەممەدجەواد ڕەحیمی کوشتووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە دوای ئەم ڕووداوە، دۆسییەی دادوەری لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە شاری دامغان کرایەوە و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی لقی ٢ی دادگای تاوانەکانی ڕێژیم لە پارێزگای سێمنان لە شاری شاهروود کرا.
ئەم لقە سزای لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییە دەرکرد و بڕیارەکە دوای پەسەندکردنی لە دادگای باڵای ڕێژیم و بە داوای کەسوکاری کوژراوەکە جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە ساڵی ١٤٠٤دا، لانیکەم ٢,٤٨٨ هاووڵاتی لەوانەش ٦٣ ژن و ٢ منداڵ لە سێدارە دراون.
لەم ڕێژەیە، سزای ١٣ کەس لە شوێنی گشتیدا جێبەجێ کراوە.
هەروەھا لەم ماوەیەدا، ١٣٠ کەسی تر لەوانە ١٠ ژن و ١ منداڵ-تاوانبار سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە.